محەمەد حەلبوسی پشتیوانی داواکەی سەدر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوخت دەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ داوایەکی موقتەدا سەدر ڕاگەیاند کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردبوو.


محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکیدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 5 ی ئابی 2022 بڵاویکردەوە، نوسیویەتی، "پەرلەمان نوێنەری گەلە، ئەو جەماوەرەش کە کۆبووەتەوە بەشێکە لە کیان و ویژدانی، بەهیچ شێوەیەک ناکرێت گرنگی بە داواکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدرێت".

ئەوەشی نووسیوە، " پشتیوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەکەم لە ماوەیەکی کاتی کە ڕێککەوتنی لەسەر بێت، تا ڕەوتی دیموکراسی بەردەوام بێت لەژێر سەقفی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و باڵاکانی وڵات".

ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەران دەڵێن واز لە خۆپێشاندان ناهێنن تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن.

لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.

ئەمڕۆ هەینیش موهەنەد موسەوی، وتارخوێنی نوێژی هەینی سەدرییەکان جەختی لە داوا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوەو وتی، "هەڵبژاردنی پێشوەختە داواکاری جەماوەرە".





PM:02:38:05/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 2048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت