وتارخوێنی سەدرییەکان هێرشدەکاتە سەر سیاسییەکان و پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات


وێستگەنیوز-

وتارخوێنی نوێژی هەینی بەکۆمەڵی سەدرییەکان لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا هێرشدەکاتە سەر سیاسییەکان و پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات.


موهەنەد موسەوی، وتارخوێنی نوێژی هەینی بەکۆمەڵی سەدرییەکان لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوز لە وتارەکەیدا وتی، "ئەوەی شکستی ھێنا جارێکی تر نایەتەوە دەسەڵات، مەرجەعییەت دەرگای بەسەر حزبە خۆسەپێنەکاندا داخستووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراقییەکان ھیچ متمانەیەکییان بە بەرپرسان نەماوە گەندەڵی بەرھەمی حکومەتی ھاوبەش و پشک پشکێنەیە".

موسەوی وتیشی، "ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە داواکاری جەماوەرە".

هەروەها ئەوەشی وت،  "چەکداری دەرەوەی دەوڵەت بەرھەمی حزبە خۆسەپێنەکانە".

ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەران دەڵێن واز لە خۆپێشاندان ناهێنن تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن.

لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.


PM:01:04:05/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت