ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی جینین پلاسخارت لەگەڵ موقتەدا سەدر


وێستگەنیوز-

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "کۆبوونەوەیەکی باشمان ئەنجامدا".


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 5 ی ئابی 2022  جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق گەیشتە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، " مەبەستی سەردانەکەی پلاسخارت بۆ قسەکردنە لەسەر باردۆخی سیاسی و ئەو قەیرانەی ئێستا عێراقی تێکەوتووە".

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، جینین پلاسخارت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان وتی، "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانە سیاسیەکانی عێراق کرد".

وتیشی، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ موقتەدا سەدر باش بوو".

کۆبوونەوەی پلاسخارت و سەدر لەکاتێدایە ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەران دەڵێن واز لە خۆپێشاندان ناهێنن تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن.

لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.

بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە پێشنیازەکانی موقتەدا سەدر دەکەن، لەوانەش هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە هاوپەیمانییەکەی خاوەنی 31 کورسیی ناو پەرلەمانی عێراقە. بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای خاوەن 38 کورسی پێشنیازەکانی سەدر رەت دەکاتەوە.



PM:12:41:05/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت