وێنە و ڤیدیۆ.. لایەنگرانی سەدر بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەکۆمەڵ بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێدەکەون


وێستگەنیوز-

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەمەبەستی ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەکۆمەڵ بەرەو ناوچەی سەدر بەڕێکەوتن.


بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان سەدرییەکان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەورەترین نوێژی هەینی لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا دەکەن.

ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا شوێنکەوتووان و لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دەردەکەون و بەرەو ناوچەی سەوز بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەکۆمەڵ بەڕێدەکەون.

نوێژی هەینی بەکۆمەڵ لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا یەکێک بوو لە داواکارییەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە لە پەیامێکیدا ئاراستەی لایەنگرانی کرد.

بەپێی رێنماییەکان تەنیا لایەنگرانی سەدر لە پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، بابل و واست دەتوانن لە نوێژی هەینی ئەمڕۆی بەغدا بەشداربن.

ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەران دەڵێن واز لە خۆپێشاندان ناهێنن تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن.

لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.

بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە پێشنیازەکانی موقتەدا سەدر دەکەن، لەوانەش هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە هاوپەیمانییەکەی خاوەنی 31 کورسیی ناو پەرلەمانی عێراقە. بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای خاوەن 38 کورسی پێشنیازەکانی سەدر رەت دەکاتەوە.



AM:11:01:05/08/2022






ئه‌م بابه‌ته 1960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت