پلاسخارت بۆ دیدار لەگەڵ سەدر گەیشتە نەجەف
موقتەدا سەدر و جینین پلاسخارت لە کۆبوونەوەیەکدا
وێستگەنیوز-
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، جینین پلاسخارت بە مەبەستی دیدار لەگەڵ موقتەدا سەدر گەیشتووەتە نەجەف.
ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز ئەمڕۆ هەینی 5 ی ئابی 2022 لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردووەتەوە، "جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق گەیشتووەتە نەجەف و کەمێکی دیکە لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کۆدەبێتەوە".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە سەرچاوەکە وتوویەتی، " مەبەستی سەردانەکەی پلاسخارت بۆ قسەکردنە لەسەر باردۆخی سیاسی و ئەو قەیرانەی ئێستا عێراقی تێکەوتووە".
کۆبوونەوەی پلاسخارت و سەدر لەکاتێدایە ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەران دەڵێن واز لە خۆپێشاندان ناهێنن تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن.
لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
رۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.
بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە پێشنیازەکانی موقتەدا سەدر دەکەن، لەوانەش هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە هاوپەیمانییەکەی خاوەنی 31 کورسیی ناو پەرلەمانی عێراقە. بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای خاوەن 38 کورسی پێشنیازەکانی سەدر رەت دەکاتەوە.
AM:10:20:05/08/2022
ئهم بابهته 2080
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت