بریارێکی بەغدا نارەزایی ئیدارەی خۆجێی و پەرلەمانتارانی بەسرەی لێدەکەوێتەوە


وێستگەنیوز_

ئیدارەى خۆجێی بەسرە و پەرلەمانتارانى پارێزگاکە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رەتدەکەنەوە کە داواکراوە بودجەی پاڵەوانێتی کەنداوى 25 لە بودجەى پڕۆژەکانى ئەو پارێزگایە خەرجبکرێت. 

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى رۆژی 2ى ئابى 2022، بڕیاریدا لە بودجەى بەکاربردنى پترۆدۆلار و دەروازە سنوورییەکانى بەسرە، پارەى پێویست تەرخان بکرێت بۆ وەزارەتى وەرزش و لاوان بۆ پڕکردنەوەى پێداوستییەکانى ئامادەکارى میوانداریکردنى پاڵەوانێتیی کەنداوى 25، کە بڕیارە لە 6ى حوزەیران بۆ 19ى کانونى دووەمى ساڵى 2023 لە بەسرە بکرێت. 
 
پاش دەرکردنی ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ناڕەزایی ئیدارەى خۆجێی و پەرلەمانتارانى شارەکەى لێکەوتووەتەوە، کە پێیانوایە ئەو بۆنەیە نیشتیمانییە و نابێت خەرجییەکانى لەسەر بودجەى شارەکە بێت.
 
هاوکات لای خۆیەوە ئەسعەد عیدانی، پارێزگارى بەسرە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بڕیارى پارەدارکردنى پاڵەوانێتیى کەنداوى 25  لە بودجەى پارێزگاکەى، پەیوەستە بە رەزامەندیى ئەوان وەکو ئیدارەى خۆجێی و ئەوە رادەگەیەنن کە ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوە و کەسانى پەیوەنداریان لەوە ئاگادار کردووەتەوە.
 
ئاشکرایکرد کە، داوایکردووە بۆ تاوتوێکردنى ئەو کێشەیە لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق  میوانداری بکرێت.


PM:06:18:04/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت