ناتۆ بۆ رووسیا: بە کۆمەڵ وەڵامت دەدەینەوە

‌یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ

وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ سکرتێری گشتیی ناتۆ ینس ستولتنبرگ، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر سەرۆکی رووسیا بیر لەوە بکاتەوە دەستدرێژیی بکاتە سەر وڵاتێکی ناتۆ، ئەوا هاوپەیمانیی باکوری ئەتڵەسیی/ناتۆ بەکۆمەڵ وەڵام دەداتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ئەلعەرەبییە، ستولتنبرگ وتوویەتی، لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە، جەنگی ئۆکرانیا ترسناکترین ساتە ئەوروپا تیایدا دەژی. دەشبێت رێگا نەدرێت رووسیا لەو جەنگەدا سەرکەوتووبێت.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش داوە، کە پێویستە لەسەر ناتۆ لە داهاتوودا و بۆ ماوەی درێژ، بە چەک و هەر جۆرە یارمەتییەکی تر، پشتگیریی ئۆکرانیا بکات تا رێگا لە سەرکەوتنی رووسیا بگرن و وتی: "لە بەرژەوەندیمانە شکست بەم سیاسەتە شەڕانگێزییە بهێنین".


هێرش بۆ سەر سیستمی جیهانیی

ستولتنبرگ ئەو قسەیەی مۆسکۆ، کە دەڵێت جەنگی ئۆکرانیا کارێکی سەربازیی تایبەتە، وەک هێرش بۆ سەر سیستمی جیهانیی ئێستا دادەنێت و نابێت ناتۆ بهێڵێت ئەو جەنگە بڵاوببێتەوە.

هەروەها وتیشی: "لە جەنگی جیهانیی دووهەمەوە، ئەمە ترسناکترین ساتە ئەوروپا تیایدا دەژی. ئەگەر پوتین بیر لەوە بکاتەوە شتێکی هاوشێوە بەرانبەر وڵاتێکی تری ناتۆ بکات، وەک لە جۆرجیا و مۆلدۆڤا و ئۆکرانیا کردی، ئەوا ناتۆ دەستبەجێ وەڵامی دەبێت".
 

هەڕەشەی رووسیا

جێی ئاماژەیە هەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند، کە مۆسکۆش بەهەمان شێوە وەڵامی دەبێت، ئەگەر ناتۆژێرخانی سەربازیی لە فینلاند و سوید دابنێت. ئەوەشی بەدوور نەزانی کە پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ هلسنکی و ستۆکهۆلم ئاڵۆزیی تێبکەوێت، بەهۆی چوونیان بۆ ناو پەیمانی ناتۆ.


رەزامەندیی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، رەزامەندیی دەربڕیی  لەسەر چوونە ناوەوەی سوید و فینلاند بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ. ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ. بەمەش ئەمریکا بووە 23 هەمین وڵات لە کۆی 30 وڵات، کە بە فەرمیی دانی بە هاتنە ناوەوەی  سوید و فینلاندا نا بۆ ناو ناتۆ.

ئەگەر هەموو وڵاتە ئەندامەکانی ئێستای ناتۆ، رازی بن لەسەر وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە، ئەوا فینلاند لەپاڵ ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا و پۆلندا، دەبێت بە وڵاتێکی سەر بە ناتۆ، کە سنووری وشکانیی لەگەڵ رووسیادا هەیە.

لە دۆخی چوونی سوید و فینلاند بۆ ناو ناتۆ، ئەوا بەپێی مادەی پێنج لە پەیماننامەی دامەزراندنی ناتۆ، هەر هێرشێکی رووسیا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، دادەنرێت.


PM:04:48:04/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو