ئۆکرانیا دەستی بە هەناردەکردنی دانەوێڵە هەڵگیراوەکانی بۆ جیهان کرد

‌کەشتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەندەری ئۆدیسای جێهێشت

وێستگه‌نیوزـ

بۆ یەکەمجار لەدوای داگیرکاریی رووسیاوە، ئۆکرانیا هەناردەی دانەوێڵە دەکات و دوێینێ دووشه‌ممه‌ 1ی ئابی 2022، یه‌كه‌م كه‌شتی كه‌ 26 هه‌زار ته‌ن گه‌نمه‌شامی باركردبوو به‌نده‌ری ئۆدیسای جێهێشت.


کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پێشوازیی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کرد لەلایەن ئۆکرانیاوە، ئەمەش دوای ئەوە ی، دوێنێ یەکەم کەشتیی بەندەری ئۆدیسای بەجێهێشت کە 26 هەزار تەن گەنمەشامیی بارکردبوو.

جێگای ئاماژەیە رووسیا و ئۆکرانیا بە یارمەتیی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 22ی مانگی رابردوودا رێکكەوتن لەسەر ئەوەی رێڕەوی ئارام درووست بکەن تا کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای رەشەوە بتوانن ئەو 25 ملیۆن تەن دانەوێڵەیە بگوازنەوە، کە لە سایلۆکاندا هەڵگیراون.

لەوبارەیەوە ئالکسەندەر کۆبراکۆف، وەزیری ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا رایگەیاند: لە سەرەتای شەڕەوە دانەوێڵە لە ئۆکرایاوە هەناردەی دەرەوە کراوە، بەڵام لەو ناوچانەوە بووە کە لەژێر دەستی رووسیادان.

هەربەوشێوەیەش پەیمانێکی تر مۆرکراوە، تا رووسیا سەرەڕای بوونی گەمارۆی ئابووریی لەسەری، بتوانێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم دوو رێکەوتننامەیە یارمەتی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک بدەن لە جیهاندا، لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهاندا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ.


PM:02:28:02/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت