جۆو بایدن: ئەیمەن زەواهریمان لە ئەفغانستان کوشت
جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمریكا
وێستگهنیوزـ
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی راگەیاند و ئاماژهی بهوهدا، "رۆژی شەممەی رابردوو ئەیمەن زەواهیریمان لە ئەفغانستان کوشت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاشكرایكرد، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە زانیاریمان لەسەر زەواهیری کۆکردەوە، هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی هێرشەکە ئامادەکاری تەواو کرابوو، وتیشی: "دوای دڵنیابوون لە زانیارییەکان بڕیاری کوشتنی زەواهیریم دەرکرد".
لە بارەی شوێنی هێرشەکە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: هێرشەکەیان لە کابولی پایتەختی ئهفغانستانهوه کردووە و وتیشی: "رێگەنادەین ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەک بۆ تیرۆریستان و بەڵێنم بە خەڵکی ئەمریکا داوە دژی تیرۆر بوەستمەوە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەفغانستان".
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئەیمەن زەواهیری تۆمەتبار کرد بە کوشتنی هەزاران هاووڵاتی ئەمریکی و روونیشیكردهوه، "ئێستا کەسوکاری قوربانیانی 11ی سێپتێمبەر دەتوانن لاپەرەیەکی نوێ هەڵدەنەوە".
سەرۆکی ئەمریکا بوونی ئەیمەن زەواهیری لە ئەفغانستان بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ تاڵیبان ناوبرد و راشیگەیاند، ئەمریکا بەردەوام لە هەموو شوێنێک چاودێری هەڕەشەکانی قاعیدە دەکات.
بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی رێکخراوی ئەلقاعیدە هاتەدەنگ و رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا کە بووەتە هۆی کوشتنی زەواهیری، دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری خاکی ئەفغانستانه.
زەبیحەلڵا موجاهید، وتەبێژی فەرمی تاڵیبان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ماڵێک لە کابولی پایتەختی ئەفغانساتان، لە سەرەتادا رووداوەکە روون نەبووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی دەزگا هەواڵگیری و ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوت، کە هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوە.
وتەبێژەکەی بزووتنهوهی تاڵیبان ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکای دژی رێککەوتنی دەوحە لە قەڵەمدا و وتی "کوشتنی زەواهیری دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ئەفغانستان".
AM:08:32:02/08/2022
ئهم بابهته 1444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت