یەکەم کەشتی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازارەکانی جیهان بەرێکەوت


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

پاش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا، ئەمرۆ دووشەممە 1ـی ئابی 2022، یەکەم کەشتیی پڕ لە گەنم، بەندەری ئۆدێسای لە باشووری ئۆکراینا بەجێهێشت و بەرەو لوبنان بەرێکەوت. ئەمەش پاش ئەوەی ماوەی 5 مانگ بوو رووسیا رێگری لە هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە دەکرد.
 
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانی و تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کەشتی "رازۆنی" بەندەری ئۆدێسای جێهێشت و بەرەو تەرابلووسی شاری کەناراوی لوبنان کەوتووەتەڕێ و چاوەڕواندەکرێت سبەی سێشەممە کەشتییەکە بۆ مەبەستی پشکنین بگاتە گەرووی بۆسفۆرۆس لە ئیستەنبوڵ و دواتر لە گەشتەکەی بەردەوامبێت.
 
لەو بارەیەوە، ئۆلیکسەندەر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا رایگەیاند، کەشتییەکە 26000 تۆن دانەوێڵەی هەڵگرتووە و بەندەرەکەی بەجێهێشتووە. هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەرمی پێشوازی لە هەناردەکردنی یەکەم باری دانەوێڵەی ئۆکرانی کرد و کیێڤیش دەڵێت، "گواستنەوەی گەنم بەشێک لە کێشەی کەمبوونەوەی دانەوێڵە و برسێتی چارەسەردەکات. "
 
ئەم رێککەوتنەی رووسیا و  ئۆکرانیا پاش ئەوەدێت، مانگی رابردوو تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان نێوەندگیرییان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کرد بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک و دەستپێکردنەوەی گەنمی ئۆکرانی بۆ بازارەکانی جیهان، کە لە پاش وەستاندنیەوە هەتا ئێستا، کاریگەری تەواوی لەسەر گرانبوونی نرخی خۆراک و دانەوێڵە و برسییەتی جیهانی هەبووە. 

کەشتی رازۆنی لە ساڵی 1996 دروستکراوە، درێژییەکەی 186 مەترە و بەرینییەکەی 25 مەترە، کەشتییەکە لەژێر ئاڵای سیێرا لیۆن بە رێڕەوە ئاوییەکان هاتووچۆ دەکات و توانای گواستنەوەی 30 هەزار تۆنی هەیە.
 
 


PM:01:17:01/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت