گفتوگۆیەک لەبارەی کورتە فیلمی "قژەکانم دێشێ" ی مەهتاب حەسەنی
وێستگەنیوز-
کورتە فیلمی (قژەکانم دێشێ) لەسیناریۆو دەرهێنانی (مەهتاب حەسەنی)، دیمەنەکانی لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیتاڵیا وێنەگیراوە. مەهتاب، جگە لەدەرهێنان، لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەری دیکەدا، رۆڵی سەرەکی فیلمەکە بەرجەستە دەکات.
قژەکانم دێشێ، وێنای ئەو توندوتیژییە دەکات کە لەنێو کۆمەڵی کوردستاندا، بەرامبەر ژنان و بەتایبەت ئەو توندوتیژییەی لەلایەن هاوبەشی ژیانی ژنان و لەچوارچێوەی ماڵ و خێزاندا ئەنجام دەدەرێت.
"توندوتیژی سات و کاتی بۆنییەو هەمیشە رودەدات"
لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ مەهتاب، سەبارەت بە ئایدیای قژەکانم دێشێ، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "چەندین ساڵە ئەم ئایدیایە لەهزرو ئەنێشەمدایەو لەگەڵیدا دەژیم. تا سەرەنجام بڕیارمدا هەم خۆم رزگار بکەم و هەم دەستبکەم بەوێنەگرتنی ئایدیاکەم و پێمخۆشبوو یەکەمین کارم لەفیلمسازیدا لەسەر ئەم بابەتە هەستیارەبێ، چونکە نایشارمەوە، کە بۆ خۆم یەکێکم لەو هەزاران قوربانییەی دەستی توندوتیژی".
وتیشی، "توندوتیژی، بابەتێکی بەردەوامی کۆمەڵی ئێمەیە، کە رووبەڕوی ژنان دەبێتەوە، بەتایبەت لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، توندوتیژی سات و کاتی بۆنییەو هەمیشە روودەدات، بەداخەوە".
"توندوتیژیی دابڕان و جیابونەوە دروستدەکات"
لەگفتوگۆکەماندا، مەهتاب، جەختیدەکردەوە، "کە هەڵبژاردنی ئەم ئایدیایە، زۆرتر بۆ ئەو واقیعە دەگەڕێتەوە کە بەژیانی خۆمدا هاتووەو ئەو توندوتیژییەی رووبەڕم بۆتەوە. بۆیە وابیرمکردەوە، کە بتوانم باشتر لەهەرکەسێکی تر لەو راستییە بدوێم، کە توندوتیژی چییە و ئازارەکانی چۆنن! ئەمەش ئەو جیاوازییە دروستدەکات لەگەڵ هەرکەسێکدا، کە تەنها چیرۆکەکان دەبیستن، نەک لەگەڵیدا ژیابن و خۆیان قوربانیبن".
بە وتەی مەهتاب حەسەنی، " ئەو کاریگەرییەی کە توندوتیژی لەسەر کەسی قوربانی دروستیدەکات، گەلێ گەورەو بەکاریگەرە، بۆیە کەسی قوربانی باشتر لەهەر کەسێکیتر دەتوانێ وێنای چیرۆک و ئازارەکان بکێشێت و تۆماریان بکات. ئەمەش ئەو خاڵەیە، زۆرتر وایکرد بڕیار بدەم یەکەمین کورتە فیلمم لەسەر توندوتیژی بێ".
مەهتابی ژنە سینەماکار، ئەوەی بۆ گێڕاینەوە: سەرەتای ئەم چیرۆکە، کە پڕە لەتوندوتیژی، لەژیانی هاوبەشیمدا بۆ یەکەمجار دەرگیری بووم و ئیتر لێکەوتەو ئازارەکانی لەناخمدا زۆر بەزوویی دروستبون و سەریانهەڵدا.
ئەو، تێڕوانینی خۆشی خستەڕوو، کە شێوەی پەروەردەی مناڵانمان هەتا گەورەبونیانن لەکۆمەڵی کوردستاندا، بێبەری نییە لەدروستبوون و بەردەوامی چیرۆکەکانی توندوتیژی و ئەمەش زۆرتر وایکردووە ژیانی هاوبەشی ئێمە پڕبێ لەجیابونەوەو دابڕان، چونکە سەرەنجامی پەروەردەی نادروست، توندوتیژی بەرهەمدەهێنێت، ئەو توندوتیژییەش لەبەردەوامیدا دابڕان و جیابونەوە دروستدەکات.
"ژنانی ئێمە ناتوانن بێ ترس دەنگ هەڵبڕن"
ئەو خانمە هونەرمەندە، دروستکردنی جیاوازی نێوان مناڵانی کچ و کوڕ، جیاوازی نێوان کایەکان و یارییەکانیان و تا دوایی، وایکردووە وێنای بەکەمزانین و بەگەورەزانین لەنێوان کچان و کوڕانماندا دروستببێت! چونکە هێشتا کوڕەکان کەرەستەی یارییەکانیان چەک و تفەنگەو کچانیش بوکەڵە و کەرەستەی چێشتخانە. ئەم جیاوازییانە سەرەتای دروستبوونی چیرۆکەکانی توندوتیژین، کە پەروەردەو کەلتوری کوردستان لێی بەر پرسیارە، هەرچەندە ئێستا گۆڕانکارییەک دروستبووە، بەڵام نەیتوانیوە گۆڕانێکی گەورەی کەلتوری دروستبکات، کە ئەمەش جێگەی باس و پرسیارە! دەبینین هێشتا کوڕان خۆیان هەڵدەبژێرن و کچانیش بۆیان هەڵدەبژێرن! هەربۆیە جێگەی داخە کە هێشتا ئەو بنەماڵانەی کە مافی هەڵبژاردن بە کچەکانیان دەدەن زۆر کەمینەن!
مەهتابی خانمی سینەماکار، بڕوای خۆی نیشاندا، گەورەترین بابەتێک کە دەتوانێ بەرگیری لەتوندوتیژی بکات یاسایە..! بەڵام بۆ ئەوەی یاسایەکمان هەبێت بەجدی ئەم کارە بکات، ئەوا پێویستمان بەقوڵبونەوەیەکی زۆرترە لەوەی ئێستا، چونکە تا یاسا نەتوانێ رووبەڕی توندوتیژی بوەستێت، ئەوا بنەماڵەکان لەبەر پاراستنی کەلتورو نەریتگەرایی، درێژە بەمانەوەی توندوتیژی دەدەن. "دەبینین لەکوردستان بەگشتی، یاسا نەیتوانیوە دەستکاری بونیادی توندوتیژی بکات، تا ئەمەش روونەدات، ژنانی ئێمە ناتوانن بێ ترس دەنگ هەڵبڕن".
مەهتاب، لەبارەی سینەماو کاریگەرییەکانی، لەم پرسەدا، دەڵێت، " بێگومان سینەماو فیلم دەتوانن هێزێکبن لەوەی چۆن و بەچ ئەقڵیەتێکەوە بتوانین، روووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە، واتا فیلم و سینەما بەگشتی دەتوانن لە یەککاتدا هەم لەسەر فەزای گشتی و هەم لەخێزانەکانەوە، دەستکاری ئەم کەلتورە نەخوازراوە بکەن".
"لەبەر ئابڕو، بێدەنگی هەڵدەبژێرین"
مەهتاب لە درێژەی قسەکانیدا لەم گفتوگۆیەدا وتی، "چونکە هێشتا کێشە گەورەکەی ئێمە ئەوەیە زۆربەمان لەبەر ئابرو، بێدەنگی هەڵدەبژێرین! ئەمەش هەر ئەو رێگەیەیە وادەکات توندوتیژی بەردەوامبێت! ئەوەی لەنێو فیلمەکەمدا روودەدات، هەمان ئەو چیرۆک و ئازارانەی توندوتیژییە کە لەژیانی هاوبەشی مندا رویدا، بۆیە قەرارم گرت، کە دەبێ دەنگ هەڵبڕم و ئەم چیرۆکە وێنە بگرم.. چونکە ناکرێ چیتر من رەوایەتی بەدرێژەپێدانی ئەم کەلتورەو ئەو توندوتیژییە بدەم، کە ئازاری گەورە بە بونمان و بەژنێتیمان دەگەیەنێت، سەرەتای هەنگاوەکانیشم بەجیابونەوە دەستیپێکرد، بەڵام خۆشبەختانە خێزانەکەم پشتگیریان کردم و بڕیاریاندا چ رێگەیەک من بەڕاستی دەزانم، ئەو رێگەیە بگرمەبەر".
لەگفتوگۆکەماندا، مەهتاب حەسەنی نەیشاردەوە ئەوەی نیگەرانی دەکات ئەوەیە: ئێستا لەسۆشیالمێدیا زۆر بەڕوونی ئەوە دەرکەوتوو، کە زۆرێک هەن خۆیان لەبیر کردووەو لەم سەکۆیانەوە کەوتونەتە خۆیان نمایشکردن و گوایە دژ بەتوندوتیژین و دروشمی لەبارەوە دەڵێن و! خۆیان وەک چالاکوانی ئەم بوارە دەناسێنن! لەکاتێکدا خۆیان خوڵقێنەری توندوتیژین و کەسانی بریندارکەرن، کەسانێکن چیرۆکی بەئازاریان هەیەو دەستیان سورە بەتاوانی توندوتیژی، کەچی دێن و گوایە بەکاری هونەری و بەنوسین، نمایشی دژ بەتوندوتیژی دەکەن.
لە درێژەدا زیاتر دواو وتی، "زۆرتر ئەوەی بۆ من مایەی پرسیارو شۆکئامێزە، ئەوەیە کە ببینم ئەو کەسەی منی کردە قوربانی توندوتیژی، ئەو کەسە بێت و نمایشێک بکات، گوایە دژی توندوتیژییە!! چ بەئازارە کاتێک تۆ وەک چالاکوان یا هونەرمەند دژی توندوتیژی خۆت دەناسێنیت و کاری هونەری و ئەدەبی پێشکەش دەکەیت، کەچی ماڵەکەت کردووە بە دۆزەخ بۆ هاوژینەکەت.. تا توندترین جێگە ئازاری دەروونی و جەستەیی دەدەیت..! ئەمە بەڕاستی عەیبە گەورەکەی ئێمەیە".
ئەم خانمە دەرهێنەرە لەبارەی ئەوەی بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی پێویستە چی بکرێت؟، وتی، "هەربۆیە بۆ بەرگرتن بەتوندوتیژی یەکەمین کارێک کە پێویستە بیکەین، ئەوەیە ماسکی ئەم جۆرە کەسانە دابماڵین و هەقیقەتەکانیان وەک خۆیان نمایش بکەین. کە چ سێوێکی ناو کرمێن! ئەگەرچی بەرواڵەت خۆیان بەجوانیش نمایش بکەن.. چونکە ئەوەی بڕیار دەدات تۆکێیت، چیرۆکی پشتی دەرگا داخراوەکانە، نەک ئەو ماکیاجەی لەسەر شانۆ خۆتی پێوە نمایش دەکەیت! من لە فیلمەکەمدا ئەمەم وتووە، نە زیاتر و نە کەمتر".
مەهتاب حەسەنی
PM:02:31:26/07/2022
ئهم بابهته 4884
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت