ئێران پلانی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟


 
وێستگەنیوز-ڕاپۆت

لە کاتێکدا جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەرنجی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە وەک پڕمەترسیترین قەیرانی جیۆپۆلەتیکی لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵام ڕەنگە ململانێی دە ساڵەی سووریا پێشهات و ئەگەری نوێی هەبێت تا بیخاتەڕوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاری، له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازی نوێی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا، لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان نیگەرانن لەهەمبەر خواستەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە قه‌یرانەکانی سووریا. ئێران بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ تورکیا لە ساڵی 2011ەوە و خواستی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانیکردنی لە کۆمەڵێک لایەنی چەکداری ئۆپۆزسیۆن، تادێت دەنگی بڵندتر دەکات بۆ دژایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی تورکیا.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 20ی حوزەیراندا لە كاتێكدا لەبارەی چالاكییە سەربازییەكانی توركیا لە باكووری سووریا و عێراق پرسیاری لێكرا، وتی، " مەلەفی سووریا بابەتی ناكۆكی نێوان ئێمە و توركیایە".

بە وتەی ناوبراو، لە "کۆبوونەوە دووقۆڵییە درێژەکانیاندا" لەگەڵ تورکیا، ئێران بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە "ئامانجی سەرەکی و ڕوون"ی ئەو وڵاتە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە.

هەروەها عەلی ئەسغەر خاجی، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران کە لە هەژدەهەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانە سەبارەت بە کاروبارەکانی سووریا سەرۆکایەتی شاندی ئێرانی کردبوو، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی تورکیا لە 16ی حوزەیران ڕایگەیاند، " نابێت دەست لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا بدرێت."

لەم دواییانەشدا حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەردانەکەیدا لە 27ی حوزەیران بۆ ئەنقەرە رایگەیاند، "ئێران لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە سووریا تێدەگات، بەڵام پێویستە ئەو جۆرە نیگەرانیانە بە رێگەی دیالۆگ و رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن."

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، ئێران وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری لەشکرکێشییەکانی تورکیا،  کاری بۆ ڕێکخستن و هەماهەنگی لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکانی لە سووریا، یەکەکانی سوپای سووریا و میلیشیا کوردەکان لە باکووری سووریا کردووە. 

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسی و سەربازییانە، قسەوباسی لە ئەگەری دروستبوونی گرژی و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا و ئێران لە سووریا بەدوای خۆیدا هێناوە. لە کۆتا خولی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2020 لە باکووری سووریا، هەردوولا گەیشتنە بنبەست و ڕووبەڕووبوونەوە.
 
هەرچەندە لە کۆتاییدا ڕێگری لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی کرا ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕۆڵی ڕووسیا بوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەست لەگەڵ تورکیادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گەرەنتییەک نییە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە.

بەم دواییانە زنجیرەیەک لە پێشهاتەکان لە سوریا و دەرەوەی سوریا هەڕەشەکانی تارانی بۆ ئەنقەرە زیاد کردووە و ئەگەری هەیە کاردانەوە سەربازییەکان ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت ببێتە هۆی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا.


PM:12:41:05/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 2744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو