وردەکاری کوژرانی ئەو کچە مۆدێلەی لە سەردەشتەوە هاتە هەولیر و لە لایەن هاوسەرەیەکەوە کوژرا


وێستگەنیوز_

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، "کچە مۆدێلێکی خەڵکی رۆژهەڵات کە لە هەولێر دەژیا و کاری مۆدێلی بووە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە."

بەپێی هەواڵی رێکخراوەکە، "کوژراوەکە ناوی فاتمە زارعی بووە و ناوی خوازراوی "ژیلا" بووە. ئەو کچە مۆدێلە تەمەنی 23 ساڵ بووە، یەکشەممەی هەفتەی رابردوو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و تەرمی فاتیمە لە قەڵادزێ و بەبێ بەشداری خێزانەکەی بەخاکسپێردراوە."

چیرۆکی رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ "چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، هاوسەری فاتیمە سێ ساڵ بەر لە ئێستا کوڕێکی تەمەن 20 ساڵی کوشتووە، بە وتەی خۆی باسی لەوەکردووە، گوایە پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە. هەر لە هەمان رووداودا فاتیمەشی بە چەقۆ بریندارکردووە."

پاش ئەو رووداوە و هاتنەدەرەوەی فاتیمە لە نەخۆشخانە، "ڕوو دەکاتە شاری هەولێر بەمەبەستی ئەوەی لەوێ بژی و دەست دەکات بە کاری مۆدێلی، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا هاوسەرەکەی فاتیمە ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبوونی دەزانێت، دەچێتە ئەو شوێنە و دووبارە بە چەقۆ لە ملی فاتیمە دەدات."

رێکخراوی هەنگاو رایگەیاندووە، "پاش تێپەڕینی یەک هەفتە بەسەر کوشتنی فاتیمەدا، هێشتا پۆلیسی هەولێر هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا هاوسەری فاتیمەش دەستگیرنەکراوە." 

فاتیمە خاوەنی کوڕێکی چوار ساڵانە و لە ئێستادا لەلای دایکی هاوسەرەکەی فاتیمە لە شاری ئورمیە دەژی.

لەو بارەیەوە نەبەز رەشاد، پەیامنێری وێستگەنیوز رایگەیاند، "لە بەیانییەوە پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولیرەوە دەکات بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبووە و چاوەرێی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترە لەسەر ئەو بابەتە. دەشڵێت، بابەتەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە."


AM:11:38:04/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 8656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت