سه‌نته‌ری میترۆ: هێرشێكی ناڕه‌وا بۆ سه‌ر کەمال رەووف و هاوسەرەکەی ده‌ستیپێكردووه‌


وێستگه‌نیوزـ

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، دوژمنانی ئازادی رۆژنامەنووسی تەنها بە توندوتیژی جەستەیی رۆژنامەنووسان نەوەستاون بەڵكو بەردەوام میلیشیاییەكی ئەلكترۆنی یەدەگیان بۆ هێرش‌ و پەلاماردانی تایبەتمەندییەكانی رۆژنامەنووسان ئامادەیە، كێ ئەو سوپا بەرەڵایە چەك دەكات؟.


سه‌نته‌ری میترۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 1ی ته‌مموزی 2022 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاند: ماوەی چەند رۆژێكە هەندێ پەیجی سەر بە سوپای بەكرێگیراو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێرش دەكەنە سەر كەسێتی خاوەن ئیمتیازی شارپرێس (كەمال رەئوف)، ئەم هێرشانە هەم هەرەشەو هەم پەلاماردانی كەسێتی رۆژنامەنووسەكەو تەنانەت دەستەواژەی ئاست نزمی  كۆمەڵایەتی بەرامبەر هاوسەرەكەی تیادا بەكارهاتووە.

ده‌شڵێت: "ئەمه‌ یەكەمین جار نییە هەندێ نوسەرو رۆژنامەنووسی دیاری هەرێمی كوردستان، ناویان كەوتوەتە نێو تۆڕی ئەو پەیجانە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "میلیشیای بەكرێگیراوی دەسەڵاتی سیاسی‌ و عەشایەری‌ و حزبی‌، لە بۆنە و قۆناغی جیاجیادا هەڵمەتی لەكەدار كردنی بەكارهێناوە، ماوەیەك پشوویان داوە، پاشان گەڕاونەتەوە سەر بەرهەمهێنانی هەمان درۆو گوتاری رق و كینە‌و ناوزڕاندن".

سەنتەری میترۆ هاوپشتی خۆی بۆ رۆژنامەنووس كەمال رەئوف، چالاكوانی دیاری مافەكانی ژنان خاتوو خانم ره‌حیم رادەگەیەنێت. پێشی وایه‌ ئەو لایەن و كەسانەی لە رێگەی بەكرێگیراوانیانەوە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رۆژنامەنووسانیان دەكردە ئامانج مایەپووچبونیان بۆ مایەوە، نوسەران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ سوورتربوون لە سەر نووسینی رەخنەیی و كاری مەدەنی و ئاشكراكردنی گەندەڵكاران.

سەنتەری میترۆ جەختدەكاتەوە: "هێرش و ناوزڕاندنی رۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ لە رێگەی بەركاهێنانی سوپای بەكرێگیراوی ئەلیكترۆنی كە بە پارەی سیاسی بەڕێوەدەبڕێت مەترسی بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی لە چەكی بێ مۆڵەت كەمتر نییە، كە ئەویان چەك دەكەن، سەرچاوەی درایی ئەمیشیان ووشك بكەن".



PM:01:44:01/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو