زانکۆی سەلاحەدین: ئەم کەیسە دەکەینە کەیسی زانکۆی سەڵاحەدین نەک تەنها نێوان دوو بنەماڵە


وێستگەنیوز_

ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم کۆلێژی یاسای زانکۆکەدا رایانگەیاند، تیمێکی پارێزەری پێک دەهێنن بۆ کەیسی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆکەیان و داواکاریشین تاوانباری رووداوەکە بە سزای خۆی بگات.

ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنفرانسەکەدا وێرای دەربرینی دڵتەنگییان بە رووداوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، داواکارن لە حکومەت کە کەیسەکە دوانەخرێت و کەیسەکەش دەکەنە کەیسی زانکۆی سەڵاحەدین نەوەک ببێتە کەیسی نێوان دوو بنەماڵە.

ئەوەش خرایەڕوو کە، خوێندکارەکە پێشتر یاداشتێکی داوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیش یاداشتەکەی ئاڕاستەی زانکۆی سەڵاحەدین کردووە و دواتریش ئاڕاستەی راگری کۆلێژی یاسا کراوە و دکتۆر کاوان کە راگری کۆلێژەکەبووە رایگەیاندووە کە هیچ لارییەکیان نییە لە وەرگرتنی خوێندکارەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندکارەکە دوو ساڵ دابڕاوە لە خوێندن پێویستە رێنمای و یاسایەک دەربچێت کە چۆن دەوام بکات و راگری کۆلێژەکە یاداشتێکی لەو بارەیەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەوانیش ئاڕاستەی خوێندنی باڵایان کردووە.

دواتریش، وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی پێکهێناوە و لە رێگەی یاداشتێکەوە وتویەتی کە خوێندکارەکە دەتوانێت لە هەردوو زانکۆی سەڵاحەدین و سۆران دەوامی خۆی بکات.

زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، ئەوان دوو بڕیاری دیکەیان دەرکردووە پەیوەست بە داگرتنی ئاڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆ و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی بۆ ماوەی سێ رۆژ و راگرتنی سەرجەم چالاکییە زانستی و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانی دەرچوون لە سەرجەم زانکۆکان.


AM:10:21:29/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت