پارێزگاری نه‌ینه‌وا: چەند كێڵگەیەكی گەورەی نەوت و غاز دۆزراونەتەوە

‌نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا

وێستگه‌نیوزـ

نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا رایگه‌یاند، چەند كێڵگەیەكی گەورەی نەوت لە پارێزگاكە دۆزراونەتەوە كە خاوەنی یەدەگێكی زۆری نەوت و غازن.


جبووری بە ئاژانسی هەواڵی عیراقییەی وتووە، پارێزگاكەیان پاڵپشتی لە كۆمپانیای بەدواداگەڕانی نەوتی عیراقی دەكات، هەروەها پارێزگاری ئاسایش و سەقامگیری بۆ كاركردنیان دابین دەكات.

روونیشیكردووەتەوە، كۆمپانیای بەدواداگەڕانی نەوتی عیراقی توانیویەتی چەندین كێڵگەی نوێ لە ناوچەكانی گەیارە و تەلەعفەر بدۆزێتەوە كە خاوەنی یەدەگێكی زۆرن، تا ئێستا بەردەوامن لە كاركردن بۆ دۆزینەوەی نەوت لە پارێزگاكەیان.

پارێزگاری نەینەوا جەختی لەوەش كردووەتەوە، چەندین جار داوایان لە وەزارەتی نەوت كردووە كە خواستیان هەیە پاڵاوگەی گەورە لە كێڵگەی گەیارە دابمەزرێنێت، چەندین كۆمپانیای دیكەش داوایان كردووە سوود لە غازی ناوچەكەیان وەربگرن، بەڵام تا ئێستا هیچ رەزامەندییەكیان لە وەزارەتی نەوت وەرنەگرتووە.


PM:03:16:27/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت