ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عيراق لەبارەی جوڵە پێکردنی سوپا بەرەو هەرێم روونکردنەوەیدا

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق رایگەیاند، جوڵاندنی هێزەکانیان بە ئاراستەی هەرێم دوورە لەراستییەوە و متمانە و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هەیە. هاوکات، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەش ئاماژەی بەوەدا، "جوڵەی هێز بەرەو هەرێم ئەنجام نەدراوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی حوزه‌یرانی 2022، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، "هێزەکانمان بە ئاراستەی هەرێم دوورە لەراستییەوە و متمانە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا، لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەردەوام دەبن لە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە، هیوا عەلی، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە هەرێم لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، جوڵەی هێز بەرەو هەرێم ئەنجام نەدراوە.

وتیشی: "ئەوەی هەبووە تەنها جوڵەی دوو فەوج بووە کە بەبێ ئاگاداری پێشمەرگە لەناوچەکانی خۆیان کێوماڵیان ئەنجامداوە".

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان وتیشی: " لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەماهەنگیان هەیە و هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ ئەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە پڕ بکەنەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە بۆ جاری سێیەم لەماوەی 24 کاتژمێردا بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینیش، بە دوو جاری جیاواز هێرشکرایە سەر کێڵگەکە و زیاتر لە پێنج موشەک ئاڕاستەی کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز کران لە سنوری قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

دوو رۆژ بەر لە ئێستا و 22ی ئەم مانگە هێرشێک کرایە سەر کۆمپانیای دانەغاز لە سنوری چەمچەماڵ لە کاتژمێر چوار و 45 خولەکدا و دواتریش دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکە لەرێگەی کاتیۆشاوە بووە.


PM:11:12:26/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 4784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت