مه‌سرور بارزانی: هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوورییه‌وه‌، پێشوازیی لێ کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیران، سەرۆکی حکومەت لە وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، "هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەك بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین."

هەروەها ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد، کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی راییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.

بارزانی ئاشکرایکرد، داهات لەم ماوەیە بەشێوەیەکی رێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر رێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەك لە سەر هاوڵاتییان دروست بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، "کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە، کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. دڵنیایشی دا لەوەی، جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت."


PM:09:39:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو