گەنجێکی کورد دوای 21 ساڵ چاوەڕوانی مافی پەنابەری وەرگرت و پاش رۆژێک گیانی لەدەستدا


وێستگەنیوز_

سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی زاخۆ دوای 21 ساڵ چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئیتاڵیا مافی پەنابەری پێبەشخشرا و دوای تەنها یەک رۆژ لە وەرگرتنی مافی پەنابەری بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوە کردووە، هاوڵاتییەکە ناوی شڤان عومەر ئیبراھیمە و خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، لە ئیتالیا بە ھۆی نەخۆشیەوە گیانی لەدەستدا.

ئاشکراشیکردووە، پاش ئەوەی تەرمەكەی لە یەكێك لە پاركەكانی شاری رۆما دۆزراوەتەوە، رەوانی پزیشكی داد كراوە و دەرکەوتووە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی نەخۆشی بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە وتەی خێزانەكەی رۆژێك پێش گیان لەدەستدانی پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە كردووە و پێی راگەیاندوون، كە دەگەرێتەوە بۆ كوردستان چونکە مافی پەنابەری پێدراوە، بەڵام مەرگی لە ناكاو رێگەی پێنەدا بگەرێتەوە.

سەرۆكی دەزگای لوتكە دەشڵێت، "کاری پێویست ئەنجامدەدەن بۆ گێڕانەوەی تەرمی هاوڵاتییەکە بۆ هەرێمی کوردستان."


PM:08:39:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو