ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون بۆ وڵاتان دابیندەکرێت


وێستگەنیوز_هێڤار هیوا

باڤاریان نۆردیک، کە کۆمپانیایەکی دانیمارکییە، دڵنیایی دەدات کە ڤاکسینی پێویستیان هەیە بۆئەوەی خواستی جیهان پڕبکەنەوە و نەهێڵن نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
 
بەپێی هەواڵێکی میدیا جیهانییەکان، کۆمپانیای باڤاریان نۆردیک، تەنیا کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموونە، کە بارەگاکەی لە کۆپنهاگن-ی پایتەختی دانیمارکە. 

لەو بارەیەوە کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە، "داواکاریی ئێجگار زۆریان بۆ چووە و ئەوانیش ئامادەن بەگوێرەی داواکارییەکان ڤاکسین رەوانەی وڵاتان بکەن."
 
هەروەها رۆلف ساس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ساڵی 2019ـوە مۆڵەتی دروستکردن و دابەشکردنی ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموونمان هەیە. ئەو ساڵە تەنیا چەند سەد ژەمێکمان لە ڤاکسینەکە فرۆشت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، "لەناکاو بینیمان ژمارەی تووشبووان لە جیهاندا زیادیکرد، بەڵام دڵنیاین دەتوانین خواستی وڵاتان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە پڕبکەینەوە."
 
ئاوڵەی مەیموون چییە؟ نیشانەکانی چین؟ چۆن دەگوازرێتەوە؟

حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتا یان ئاوڵەی مەیموون لە سەرتاسەری جیهان لە هەڵکشاندایە کە ئەمەش بووەتە جێی مەترسی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، حاڵەتەکانی تووشبوون بەو پەتایە لە بریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، پۆرتوگال، ئیسپانیا، سوید، کەنەدا، ئوسترالیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەدی کراوە.

ئەم پەتایە ناونراوە ئاوڵەی مەیموون چونکە یەکەم قوربانیی ئەم پەتایە لە ساڵی 1950 مەیمون بووە، پەتایەکی ڤایرۆسییە سەرباری چاکبوونەوەی زۆربەی تووشبووان لەو پەتایە دوای چەند هەفتەیەک، بەڵام مەترسییەکی گەورە لەسەر تووشبوو دروستدەکات، دوو جۆری هەیە، جۆری کۆنگۆ مەترسیدارترینە کە رێژەی گیانلەدەستدانی دەگاتە 10% و، جۆری رۆژئاوای ئەفریقیا کە لە ئێستادا بڵاو بووەتەوە مەترسی کەمترە و رێژەی گیانلەدەستدانی دەگاتە 1%، لای خۆشیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی دەکاتەوە، ڤاکسینە بەردەستەکان بە رێژەی 85% دژ بە پەتاکە کارایە.

نیشانەکانی ئاوڵەی مەیموون سەرەتا وەک نیشانەکانی ئەنفلۆنزا وایە وەک تا و ژانەسەر و ئازاری ماسوولکەکان و ماندوێتی، لە ماوەی سێ رۆژی سەرەتای تایەکە پێستی نەخۆشەکە دەست دەکات بە توێژهەڵدان، پاشان دەبێتە سەرهەڵدانی بڵقی پڕ لە ئاو، دەکرێت ئەم نیشانانە لەنێوان 5 - 21 رۆژ لە کاتی تووشبوونی نەخۆشەکە بەتەواوەتی سەر هەڵبدات.

پسپۆڕان پێیان وایە ئاوڵەکە بە ئاسانی وەک ڤایرۆسی کۆڕۆنا ناگوازرێتەوە، ئەو حاڵەتانەی کە لە ئێستادا بڵاو دەبنەوە لە رێگەی بەریەککەوتنی راستەوخۆی پێست بە پێستی کەسی تووشبوو و گواستنەوەی دڵۆپەی گەورەی هەناسەدان لە کاتی دانیشتن لە بەرامبەر کەسی تووشبوو. هەروەها لە رێگەی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵەکان وەک گازلێگرتن و چڕنووکی ئاژەڵەکان یان ئامادەکردنی گۆشتی ئاژەڵی کێوی.

ھەروەھا رێکخراوی تەندروستیی جیھانی رایگەیاند، زۆربەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون لە ھاوڕەگەزخوازانن.


PM:07:03:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت