حاكم قادر: کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆخە ڕاستبکرێتەوە


وێستگەنیوز_

حاکم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەسەر سیستەمی حكومڕانی كورد ھەیە و كاتی ئەوە ھاتووە لە پێناو کۆمەڵانی خەڵکدا ئەو سیستەمە ڕاستبكرێتەوە.

‏‎ئەمرۆ پێنجشەممە له‌ میانی به‌شدارییكردنی له خولێکی تایبەت بە یاساناسان، حاكم قادر ڕایگەیاند، "سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لەگرنگترین پێوانەکانی دیموکراسی و شارستانییەتە لەھەر سەردەم و وڵاتێکدابێت، بێگومان پەیڕەوکردن و کارکردن بە یاسا نیشانەی پێشکەوتن و شارستانیەتە و پێویستە ئێمەش هەوڵبدەین دەستی حزب لە دادگاکان بهێنینە دەرەوە".

حاکم قادر باسی لەوەشکرد،  "پێویستە دەستی سەرمایەدارانی نیشتیمانی واڵا بکرێت تا بتوانن لە کەرتی تایبەت هەلیکاری زیـاتر بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنن، ھاوكات ئەوەشیخستەڕوو، پێویستە كەسی شارەزا و بەتوانا بھێنرێتە پێشەوە، چونكە كلتوری حوكمڕانی له‌ هه‌رێم زۆر لاوازە لەگەڵ ئەو ھەموو ساڵانەی حكومڕانیماندا."

وتیشی، "لایەنە كوردیەكان تا ئێستا نەیان توانیوە لە بەغدا خاوەنی یەك گوتاری سیاسی بـن، ھەروەھا پێویستە لەو ھەلومەرجە دژوارو هەستیارانەدا كە گەلەکەمان پێیدا  تێپەڕدەبێت، حزبەکان خاوەنی یەک هەڵوێستی نیشتمانی بن و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و لێرەوە گفتوگۆكانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ھەرێم، چونکە هەموو لایەک درک بە مەترسی و گۆڕانکارییەکان دەكـەن".

ئەوەشی خستەڕوو، وەك یەكێتی نیشتیمانی دوپاتی دەكەینەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێ گەردداین لە كاتی خۆیداو پێویستە نمونەیەكی جوانی شارستانی و سەردەمیانە پێشكەش بكەین، چونكە لە ئێستادا نمونەیەكی جوانمان نییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و حكومڕانی كردن، وە كەم ڕۆژ ھەیە كێشە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمەكەمان دروست نەبێت ھەر لـە دابەشكردنی موچەو كەمی ئاو و كارەباو بەنزین و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە.


PM:06:14:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو