سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق: هیچ لایه‌نێك ناتوانێت بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی جێبه‌جێ نه‌كات

‌فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لەکارەکانیدا به‌ تەواوی سەربەخۆیە و بەگوێرەی دەستووریش بڕیارەکانی ناچارین بۆ هەموو لایەنەکان، ده‌شڵێت: "دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمیش له‌به‌رژه‌وه‌ندی سكاڵاكار كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت بوو یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی عیراقی راگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بەشێکە لە دادوەری و بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە حکومەت کارەکانی ئەنجام دەدات.

لەبارەی ئەوەی دادگای فیدڕاڵی و حکومەتی فیدڕاڵی رێککەوتبن و دواتر دادگا بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دابێت، فایەق زیدان ئاماژەی بەوەدا، لە دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عیراق لایەنی سکاڵاکارە و نوێنەری بیروڕای حکومەتە.

وتیشی: "لە دوای بەدواداچوونی دۆسییەکە، دەرکەوت کە وەزارەتی نەوت بە پێی دەستوور مافی ئەو داوایەی هەیە، دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت بڕیارەکەی یەکلاکردەوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەوەشی ئاشکراکرد، پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکێکی دەستووری و یاساییە، بۆ هیچ لایەنێک نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بکات، سەرپێچی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە سەرپێچی کردنی دەستور و یاسا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە رێکەوتی 12ی شوباتیی 2022 بڕیاری نادەستوری بوونی یاسای ژمارە (22)ی نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد بەوەی یاسای فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم پێچەوانەی بڕگەکانی (130،121،115،112،111،110ی دەستووری عێراقە. هاوکات، حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە رادەستکردنی نەوتی هەرێم .

لەبەرامبەردا، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە رێکەوتی 17ی ئایاری 2022 لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، یاسای نەوت و غازی هەرێم پێچەوانەی دەستوری عێراق نییە و بەپێی دەستور و ماددەکانی (110) و (112)ی دەستور دارێژراوە، بەپێی یاسا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تەنیا لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم دایە.


AM:11:19:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت