ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان بۆ سەرووی 1000کەس بەرزبووەوە

‌وێنە AP agency/ دیمەنێک لە پاشماوەی رووداوەکە

وێستگەنیوز_

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی (6.1) سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەفغانستانی هەژاند، زیاتر لە 1000 کەس برینداربوو و گیانیان لەدەستداوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان ڕوو لە هەڵکشان بکات، چونکە بەردەوام زانیاری نوێ لەسەر ژمارەی قوربانییان لە گوندە شاخاوییە دوورەدەستەکانەوە دەگات.
  
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەڵاحەدین ئەیوبی، کە بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیە رایگەیاندووە، لە هەوڵەکانی رزگارکردندا هێلیکۆپتەر دابینکراوە بۆ ئەوەی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بە بریندارەکان بگات.

ئەیوبی ئاماژەشی بەوە کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە و پشتڕاستکراوەتەوە لە پارێزگای پاکتیکای رۆژهەڵات بووە، کە (255) کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (200) کەسیش برینداربوون. لە پارێزگای خوست 25 کەس گیانیان لەدەست داوە و 90 کەسیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. 

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان لە دوای دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبانەوە لە قەیرانێکی ئابووری سەختدایە، لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوای دوو دەیە لە شەڕ لە ئەفغانستان کشانەوە. 

لە کاردانەوەی دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان، زۆرێک لە گەلان سزایان بەسەر کەرتی بانکی ئەفغانستاندا سەپاند و بە بەهای ملیارەها دۆلار هاوکارییەکانی گەشەپێدانیان کەمکردەوە. بەڵام یارمەتییە مرۆییەکان بەردەوامن و دەزگا نێودەوڵەتییەکان وەک نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاندووە، ئەفغانستان داوا لە دەزگا مرۆییەکان دەکات کە لە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردن یارمەتی بدەن، هەروەها تیمەکانیان بنێرن بۆ ئەو ناوچانەی کە بوومەلەرزە لێیداوە. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان رایگەیاند، پێشوازی لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن. پاکستانی دراوسێیان ڕایگەیاندوو کە کار بۆ درێژکردنەوەی هاوکارییەکان دەکات.


PM:04:22:22/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت