"کۆچبەرانی عیراقی لەسەر سنوور لە لایەن پۆڵەندا و بیلارووسیاوە کوژراون و لەسێدارەداون"


وێستگەنیوز_

لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلارووسیا رایدەگەیەنێت، "بەڵگەی کوشتن و لە سێدارەدانی کۆچبەرانی عیراق لەسەر سنووری بیلارووسیا لە لایەن پۆڵەنداوە ئاشکرابووە." دەشڵێت، ئەو بەڵگە و زانیارییە نهێنیانەیان داوەتە عێراق کە دەیسەلمێنن، سەربازانی پۆڵەندا لەسەر سنور کوشتن و لەسێدارەدانی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەیان بەشێوەی نهێنی و بەکۆمەڵ ئەنجامداوە.

ئەمرۆ چوارشەممە 22ـی 6ـی 2022، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلارووسیا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "لە بنکەی فیدڕاڵی لیژنەکەمان، لەگەڵ وەفدێکی عێراقی کۆبووینەوە کە تێیدا فەرمانبەرانی لێکۆڵینەوەی سەرەکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی ئاسایشی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و بنکەی مافەکانی مرۆڤ ئامادەی بوون، تێیدا هەموو ئەو بەڵگە و زانیاریانەمان بە عێراق دا کە دەیسەلمێنن سەربازە پۆڵەندیەکان لە ناوچە سنووریەکان لەگەڵ بیلارووسیا بەشێوەیەکی نهێنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیان بەسەر ئەو کۆچبەرە عێراقیانەدا سەپاندووە کە ویستویانە لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا و هەر بەنهێنیش لەسێدارەیان داون".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی زانیاری پێویستی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو پرسە تاوانکارییە تایبەتە دەستکەوت، کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەشەی جەنگە و خستنە بەر مەترسی بەئەنقەستە."

دەشڵێت، "ئەم کارە کارێکی نایاساییە و خۆی لە هەرسێ بابەتی دیپۆرتکردنەوە و ئەشکەنجە و نەبوونی بەزەیی مرۆڤانە دەبینێتەوە، کەمتەرخەمییەکی بە ئەنقەستی پێشکەشکردنی هاوکارییە بە کۆچبەران کە لە ئەنجامدا مردنی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێویشیاندا عێراق و ئەفغانستانی لێکەوتوەتەوە".

ئاشکراشیکردووە، "ئەم تاوانە لەسەر بنەمای رەگەز و بنەچە و نەتەوەیی لەسەر سنووری پۆڵەندا لە دژی ئەو کەسانەی ویستویانە بە دەوڵەتە ئەوروپیەکانی دیکە بگەن ئەنجامدراوە.

ئەم رووداوە یەکەمجار نییە و لەماوەی رابردوودا لێکۆڵەرە بیلاروسییەکان، تاوانێکیان دژی 135 هاوڵاتی عێراقی ئاشکراکرد کە لەسەر سنوری بیلارووسیا- پۆڵەندا لەلایەن سەربازانی پۆڵەندیەوە لە دژیان ئەنجامدراوە.


PM:02:04:22/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت