كۆنگرێسمانێكی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌دات له‌ فه‌رامۆشكردنی رێكخراوه‌كانی داعش و قاعیده‌

‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا

وێستگەنیوز_

ئه‌ندامێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌دات له‌ پاشه‌كشه‌ی‌ گرنگیپێدانی ئه‌مه‌ریكا به‌ شه‌ڕی "تیرۆر" و توانای رێكخراوه‌كانی "قاعیده‌و داعش" له‌ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن له‌سه‌ر خاكی ئه‌مریكا.

مارك واڵتز، ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تی، "رووداوی ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی رێكخراوی داعش له‌ رۆژئاوای كوردستان، ئاماژه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی مه‌ترسی رێكخراوی داعش و توانای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ و چالاكییه‌كانی له‌ گۆڕه‌پاندا".

له‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه‌دا، هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی دژ داعش، سه‌ركرده‌یه‌كی داعشی به‌ناوی‌ هانی ئه‌حمه‌دی كوردی له‌ شاری جه‌رابلوس ده‌ستگیركرد.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، هانی كه‌ به‌ سه‌لیم-یش بانگ ده‌كرێت، به‌رپرس بووه‌ "له‌ رێكخستنی چالاكییه‌ تیرۆریستییه‌كانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌، تیرۆریسته‌كانی ئاراسته‌كردوه‌ بۆ دروستكردنی بۆمبی چێنراو و پاڵپشتیكردوه‌ له‌ دروستكردنی شوێنی ئه‌و بۆمبانه‌و ئاسانكاری بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاو هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی".

به‌رپرسێكی ئه‌مریكی، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، بۆ نۆرس پرێس وتی، "ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌رپرس بوه‌ له‌ پلاندانان بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی به‌ناوی داعشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌رباری تێكشكانی، ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ توانایدایه‌ پلان دابڕێژێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "مه‌ترسی وازهێنان له‌و رێكخراوه‌ تا خۆی به‌هێز بكاته‌وه‌ هه‌ست پێده‌كه‌ین و هێشتا پابه‌ندین به‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان به‌ مه‌به‌ستی جێگیركردنی سه‌قامگیری له‌ رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كه‌و تێكشكاندنی ته‌واوه‌تی داعش و رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی".

له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر هه‌زاره‌ها چه‌كداری به‌ندكراوی داعش هه‌ن و له‌ دیارترینی ئه‌و به‌ندیخانانه‌ش كه‌ چه‌كدارانی داعشیان تێدا به‌ندكراون، به‌ندیخانه‌ی‌ شه‌دادی و سه‌ناعه‌ن له‌ حه‌سه‌كه‌.

ناوبه‌ناو شانه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان چالاكی ئه‌نجامده‌ده‌ن، دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ش ترسیان هه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌، رێكخراوی داعش زیندو بكاته‌وه‌.


PM:09:45:21/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت