پەرلەمانی عیراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدەدات

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بەگوێرەی یاساکانی مادەی 58 لە دەستوور و لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عیراق دانیشتنێک سازدەکات. هاوکات، هیچ ئاماژەیەکی بە کارنامەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەکرد.


سەرۆکایەتی پەرلەمانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی ماددەی 58 دەستووری عیراق و لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمانی عیراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدەدات.

پێشتر، رەعد دەهەلکی، پەرلەمانتاری عیراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی سەروەری ئاشکرای کرد، 50 پەرلەمانتار بە نوسراوی فەرمی داوایان لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە کە رۆژی چوارشەممە کۆبونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی عیراق لەلایەن تورکیاوە ئەنجامبدات.

وتیشی: "لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانیدا نییە داواکەمان رەتبکاتەوە".

هەروەها، لە دوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عیراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەت بێدەنگە بەرامبەر دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا لە ناو خاکی عیراق وبەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەری عیراق، بەجۆرێک لەم دوایانەدا هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتە قوربانی بەردەوامی هێرشەکان.


AM:11:12:21/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت