هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌وتی لە سوریا سه‌ركرده‌یه‌كی داعشی ده‌ستگیر كرد


وێستگه‌نیوزـ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022 هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیدا، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە.

 
لە راگەیه‌ندراوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا ئەوە خراوەتەڕوو،" ئەو سەرکردەیەی داعش کە دەستگیریان کردووە، هاوئاهەنگیکار و شارەزایەکی بەئەزموونی دروستکردنی بۆمب بووە".
 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت: "لە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیدا ئەو سەرکردەیەی داعشمان لە سووریا دەستگیرکردووە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە وردی پلان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دانرابوو بۆئەوەی هیچ زیانێک بە خەڵکی سڤیل یان فڕۆکە و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەی هاوپەیمانی نەگات".
 
هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش بە میدیای وڵاتەکەیی راگەیاندووە، ئەو سەرکردەیەی داعش لە باکووری رۆژئاوای سووریا، دەستگیرکراوە.
 
دوای ئەوەی لە ئاداری ساڵی 2019 کۆتایی بە خەلافەتی داعش هێندرا و نزیکەی هەموو ناوچەکانی لەدەست ئازادکران، زۆربەی چەکدارە بەجێماوەکانی گرووپە پەڕگیرەکە خۆیان لە حەشارگەکانی نێو بیابانەکانی سووریادا حەشاردا.
 
لەو کاتەوە ئەو حەشارگانەیان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر شەڕڤانان و هێزەکانی حکومەتی سووریا، ئەوەش جگە لە ئەنجامدانی هێرشی پارتیزانی لە باشووری کوردستان و عێراق.
 
ئەبو ئیبراهیم قورەشی، خەلیفەی پێشووی داعش لە شوباتی ئەمساڵ لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا، کە بە گوێرەی کۆشکی سپی و بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا، خۆی تەقاندبووەوە، بۆئەوەی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی ئەمریکا.
 
لەناوچوونی ئەو سەرکردەیەی داعش، گەورەترین گورز بوو بەر رێکخراوە پەڕگیرەکە بکەوێت دوای کوژرانی ئەبو بەکر بەغدادی، خەلیفەی یەکەمی داعش، کە ئەویش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئەمریکادا لە ساڵی 2019 کۆتایی پێهێندرا.
 
خەلیفەی ئێستای داعش ناوی ئەبو حەسەن هاشمی قورەشییە کە تا ئێستا زۆری لەبارەوە نازانرێت.


AM:10:09:16/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت