وەک نارەزایەتییەک دژی ڕووداوەكەی دادگای سلێمانی گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی جارێكی دیكە گردبوونەوەی ناڕەزایی لەبەرامبەر ڕووداوەكەی دادگای سلێمانی ئەنجامدەدرێت كە تێیدا هێزە ئەمنییەكان بە شێوازێكی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ كۆمەڵێك ژندا كرد.

پەیامنێری وێستگەنیوز رایگەیاند، ئەمرۆ چوارشەممە كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی ئیدانە كردنی ئەو ڕووداوەی لە دادگای سلێمانی ڕوویدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چالاكیییەكەدا فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمەڵێك یاساناس و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاوڵاتیان بەشداری تێدا دەكەن، بەیاننامەیەك دەخوێنرێتەوە كەتێیدا ئیدانەی ئەو كارە دەكرێت كە ڕۆژی 13ـی 6ـی 2022 لەناو حەڕەمی دادگای سلێمانی چەند كەسێك لە هێزە ئەمنییەكان بەشێوازێكی دوور لە بەهاكانی مافی مرۆڤ هەڵیانكوتایە سەر كۆمەڵێك ژن.

هاوکات چالاكیەكە ئیدانەكردنی ئەو كارەیە و لە هەمانكاتدا هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دادگاكان بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەتوانێت هێزی خۆی بەسەر دادگاكاندا بسەپێنێت، پێویستە یاسا سەروەر بێت.

ئەمە پاش ئەوە دێت، رۆژی 13ـی 6ـی 2022، لە چوارچێوەی بەرێوەچونی دانیشتنی دادگاییكردنی یەكێك لە تۆمەتبارانی بكوژی "تارقی بەقاڵ"، لە دادگای سلێمانی گرژی لەنێوان كەسوكاری تارقی بەقاڵ و تۆمەتباردا دروست بوو، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ خوشك و دایكی تارقی بەقاڵدا كرد و یەکێک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بە شەق لە ئافرەتێکی دا.

تارق رۆستەم ناسراو بەتارقی بەقاڵ تەمەن 39 ساڵ، خاوەنی چوار منداڵ بوو، 18ی كانونی یەكەمی 2018 لەلایەن سێ‌ كەسەوە ڕفێنرا، دوای چوار مانگ تەرمەكەی لە گەڕەكی قولەرەیسی لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە. دواتر بكوژانیی دەستگیركران و لەم چەند رۆژەی رابردوودا دادگای سلێمانی رایگەیاند، "تۆمەتباران سزای لە سێدارەدانییان بەسەردا سەپێندراوە."


AM:11:04:15/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت