مەسعود بارزانی: چوارچێوەی هەماهەنگی ناوێکی دیکە بهێننە پێش نەک مالیکی

‌مەسعود بارزانی

وێستگەنیوز_

بەگوێرەی هەواڵی میدیای عێراقی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی رەزامەندی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی پشتیوانی نوری مالیكی بكەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە.

ئەمرۆ سێشەممە، 14ی حوزەیرانی 2022، سەرچاوەیەكی نزیك لە بارەگای بارزانی ئاشكرای كردوە، مەسعود بارزانی دژی ئەوەیە جارێكی تر مالیكی ئەم پۆستە وەربگرێتەوە، بەو پێیەی لەسەردەمی ئەو زۆر كێشە و ئاریشتە رووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی وتوە بارزانی، پێی وایە كە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرن لە دیاریكردنی كاندید پێویستە كەسێكی تر جگە لە مالیكی بهێننە پێش.


رۆژی یەکشەممەی رابردوو، موقتەدا سەدر فەرمانی بە تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی کرد دەستلەکارکێشانەوەکانیان بدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان، دواتریش سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر کرد.

هەر پاش دەستلەکارکێشانەوەکەش سەدر بڕیاریدا بە داخستنی دامەزراوەکانی تایبەت بە رەوتەکەی، جگە لە چەند دامەزراوەیەک.

پاش دەستلەکارکێشانەوەکەی کوتلەی سەدریش؛ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە پەرلەمانتارانی پارتیش دەستلەکاردەکێشنەوە، لەو بارەیەشەوە شیروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ فەرمانێکیان لە سەرۆکی پارتەکەیانەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە پەرلەمان. وتیشی، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکەیانەوە بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە."

لەدوای دەستلەکارکێشانەوەکەی سەدریشەوە مه‌شعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سیادە لە تویتەری خۆی سیناریۆی دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدری ئاشکرا کرد و باسی لەوەکرد، حکومەتەکەی کازمی دەمێنێتەوە و پەڕلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.


PM:05:39:14/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 5056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت