یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی عیراق به‌ره‌و سعودیه‌ به‌رێكه‌وت

‌بەڕێکەوتنی یەکەم کاروانی حاجیانی عیراق

وێستگه‌نیوزـ

هێڵی ئاسمانی عیراقی بە رێکەوتنی یەکەم گەشتی حاجیانی عیراقی بۆ سعودیە به‌مه‌به‌ستی به‌ جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزه‌یرانی 2022، عەباس عومران ئەلزوبەیدی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، یەكەم کاروانی حاجییان لە رێگەی هێڵی ئاسمانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بەرەو فڕۆكەخانەی شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز، لە شاری مەدینە بەڕێکەوت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو گەشتەدا 348 حاجی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ مەدینە دەگوازرێنەوە و کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەڕێوەچوونی گەشتەکان رێکخستووە و پێداویستییەکان بەردەستن.

هاوکات نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە 16ی ماگ یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بە رێدەکەون بۆ وڵاتی سعودیە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دەستەی حەج و عەمرەی عیراق ئاشکرای کرد، یەکەم کاروانی گەشتی ئاسمانی حاجیان لە 14ی ئەم مانگە، کە دەکاتە رۆژی سێشەممە بەرەو شاری مەدینە بەڕێدەکەون و یەکەم گەشتی وشکانیش لە 18ی مانگ بەڕێدەکەون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەشتی ئاسمانی حاجیان لە عیراق لە رێگەی پێنج فڕۆكەخانەی وڵاتەوە دەبێت کە ئەوانیش فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و سلێمانی و نەجەف و بەسرەن.


PM:12:01:14/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت