کازمی سزای وەزیری پەروەردەی عیراقی دا و ژمارەی بەرپرسی دوورخستەوە


وێستگەنیوز_

مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق سزاى وەزیرى پەروەردەی دا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەى ئەو وەزارەتەى دوورخستەوە، بەهۆى بابەتی دزەپێکردنى پرسیارەکانى تاقیکردنەوەى وانەى بیرکاریى پۆلی 3ـی ناوەندیەوە.  
 
نیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە 13ـی 6ـی 2022، لە نووسراوێکى نهێنى دا کە نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە 8ـى حوزەیرانى 2022 ئاراستەى وەزارەتى پەروەردەى عێراقی کردووە هاتووە، مستەفا کازمى هەریەک لە عەلی دلێمى، وەزیرى پەروەردە و ئەندامانى لیژنەى تاقیکردنەوەکانى سەر بەو وەزارەتەى بە "سەرزەنشتکردن" سزا داوە. 
 
سزای سەرزەنشتکردن لە یاساى رێکخستنى فەرمانبەرانى دەوڵەت و کەرتى گشتى عێراق بریتییە لەوەی بۆ ماوەى ساڵێک بەرزە مووچەى فەرمانبەرە سزادراوەکە رادەگرێت.
 
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان و قاسم عوگێلى، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى دووى رەسافەى بەغدا لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 2ـی حوزەیران، وەزارەتى پەروەردەى عێراق، تاقیکردنەوەى وانەى بیرکارى پۆلی 3ـی ناوەندى دواخست بەهۆى دزەپێکردنى پرسیارەکانەوە.


PM:02:01:13/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت