نێچیرڤان بارزانی: ناکۆکییەکی ئەوتۆمان لەگەڵ یەکێتی نییە و گەشبینم


وێستگەنیوز_

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی وتارێکیدا لە مەراسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان رایگەیاند، "بەداخەوە هەست بە رەشبینی خەڵک دەکرێت بەڵام من گەشبینم چونکە زۆر باوەرم بە هۆشیاری گەلی کوردستان هەیە، ئەم دڵتەنگییەی خەڵکیش بەرامبەر حزبەکان نیشانەی هۆشیاری ئەوانە." جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "ناکۆکییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکێتی نییە".

لە وتارەکەیدادا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە 503 ئەفسەر و دەرچووی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد و رایگەیاند، ئەم ئەفسەرە نوێیانە گڕ و تینێکی تازە دەخەنە ناو ریزەکانی پێشمەرگەوە." نێچیرڤان بارزانی داوایکرد پەلە بکرێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگیرێت."
 
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ پاراستنی شانازی و رێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە، دەبێت یەکبخرێتەوە، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستی بە کار و هەنگاوی خێرا و بەمتمانە هەیە و داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەم دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن."
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "بۆئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن و کۆتایی بە دەست تێوەردانی حزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە هەڵدەوەشێتەوە."
 
جەختیشی کردەوە یەکنەخستنی پێشمەرگە وایکردووە، "هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ کار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتیان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی خەڵکی ئەم وڵاتە بکات، وایکردووە خەڵک چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕیش بکەن، کە بە خۆشحاڵییەوە لەکاتی ناکۆکییە هەرە سەختەکانیشدا من هەمیشە ئەوەم زۆر بە دوور بینیوە."
 
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، پاراستنی سەروەریی عێراق لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییەکی عێراقە.
 
نێچیرڤان بارزانی داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق کرد، "وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابینبکەن و پەلەبکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش بۆ ئەوەی ببنە رێگر لە تەشەنەسەندنی داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "باوەرم زۆرە کە پێشمەرگە دەتوانێ هەمیشە جێگەی رێز و خۆشەویستی جیهان بێت و بە دووربێت لە هەموو ململانێ سیاسییەکان، چونکە بە خوێنی هەزاران شەهید ئەم دەستکەوتانە بەدەست هاتوون و دەبێ پارێزگارییان لێبکرێت. "

راشیگەیاند، "تا ئێستا هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو لەگەڵ 22 لیوای هێزەکانی 70 و 80 خراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

سەرۆکی هەرێم وتیشی، "ئارامی هەولێر و نەجەف و سلێمانی و بەغدا پێکەوە بەستراوەتەوە، پێویستە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگریی عێراق تەماشای پێشمەرگە بکرێت."


AM:11:49:22/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو