نێچیرڤان بارزانی گەیشتە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان


وێستگەنیوز_

رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی دەستیپێکرد.

کەمێک لەمەوبەر، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم، شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و چەندین ئەفسەر و پلە باڵا و ئەندامانی حزبی و حکومی گەیشتنە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بۆ بەشداری لە خولی دەرچوونی 16ی بنەرەت و خولی 6ی پێگەیاندنی ئەفسەران. 

ئەمرۆش، مەراسیمی دەرچوونی خولی 16ی بنەرەت و خولی 6ی پێگەیاندنی ئەفسەران بەرێوەدەچێت کە ژمارەیان 503 خوێندکارە لە هەردوو رەگەز و پلەی "ئەفسەری  دوویان" پێ دەبەخشرێت کە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو و هەندێکیان بۆ ماوەی نۆ مانگ مەشق و راهێنانیان کردووە.

کۆلێژی سەربازی 3ی قەڵاچوالان لە ساڵی 1991 دامەزراوە و لە ساڵی 1992 بۆ یەکەمجار دەستیکردووە بە وەرگرتنی خوێندکاران. ئەوانەی بروانامەی ئامادەیی بەرزتریان هەبێت دەتوانن بچنە ئەو کۆلێژە و لە پاش 28 مانگ لە مەشق و راهێنان، دەبنە ئەفسەر بە پلەی "ئەفسەری دووی هەمیشەیی" لە ریزەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. هاوکات چەندین خولی تایبەتی وەزارەتی بەرگری عیراق لەم کۆلێژە بەرێوەچووە. 


AM:10:47:22/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت