بڕیاری دووجار لەسێدارەدان بۆ بکوژانی ژن و پیاوێکی کەرکووک دەرکرا


وێستگەنیوز_

دادگای تاوانەکانی کەرکووک، بڕیاری دووجار لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی ژن و پیاوێکی کەرکووک دەرکرد، کە بۆ دزیکردن چووبوونە ماڵیانەوە و سەریان بڕیبوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022، رائید عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاندووە، دادگای تاوانەکانی کەرکووک، بڕیاری دووجار لەسێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارانە دەرکرد کە لە شاری کەرکووک ژن و پیاوێکیان سەربڕیبوو.
 
رۆژی 18ی 11ی 2021، لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک، دوو کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک، پیاوێک و ژنەکەیان سەربڕی و چەند پارچە زێڕێکیان دزی. دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
 
تۆمەتبارەکان ناویان (و، س، ع) و (ع، ل، ک)ـە، وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاشکرایکردووە، "دوای بڕیارەکەی دادگا، رەوانەی بەغدا دەکرێن و لەوێشە دەبرێنە زیندانێک لە باشووری عێراق، بۆ سەپاندنی سزاکە بەسەریاندا".
 
عەباس فازڵ ئەحمەد و نوور بەدر جاسمی هاوژینی، لە رۆژی 18ی 11ی 2021دا لە ماڵی خۆیاندا بە چەقۆ و گولـلە کوژران. دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە مانگێک، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی تاوانی بەسرە، توانیویانە سێ تۆمەتباری هەڵاتوو دەستگیربكەن، کە پێکهاتوون لە دوو پیاو و ژنێك، دوای ئەوەی ژن و پیاوێكیان لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە شۆراو سەربڕی، بەرەو پارێزگای بەسرە هەڵاتوون".


PM:03:06:19/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت