عیراق داوای رادەستکردنەوەی تاوانباران و پارە دزراوەکانی لە ئەمریکا دەکاتەوە


وێستگەنیوز_

دەستی دەستپاکی عیراق و باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوونەوە و تێیدا عێراق داوای ڕادەستكردنەوەی تاوانباران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان لە ئەمریكا دەكات.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئایار، ئەو دەستەیە و باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، دادوار عەلاء جەواد، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەڕێگەی باڵیۆزخانەوە بە فەرمی داوای لە ئەمریكا كرد ڕێگەخۆشكەر و هاوكار بێت لە گەڕاندنەوەی 14 كەس کە لە عێراق وەك تاوانبار دادگاییكراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، گەڕاندنەوەی ئەو 14 كەسە ئاڵۆزە و پێویستی بە هاوكاریی ئەمریكایە، چونكە ڕەگەزنامەی ئەمریكی یاخود مافی مانەوەیان لەو وڵاتە هەیە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق داواکاریشە ئەمریكا هاوكاربێت لە گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوانەی عێراق كە براونەتە ئەو وڵاتە و دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەیانی داوە، چونکە ئەوانە موڵکی ئەم وڵاتەن و دەبێت بگەرێندرێنەوە.


PM:12:42:19/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 3412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت