دابه‌شكردنی مووچه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

لیزا فەلەكەدین كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، دابەشكردنی مووچە ئاسایی دەكرێتەوە وەك پێشتر، هەوڵدەدرێت لەكاتی خۆیدا 25ی مانگ دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت و دوای تەواوبوونی مووچەی مانگی چواریش یەكسەر دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج دەكرێت.


ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگه‌یاندووه‌، بڕیاردراوە مەودای نێوان دابەشكردنی مووچە كەم بكرێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی هەوڵدەدرێت وەك پێشتر مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "دوای تەواوبوونی دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار تەواوی دامودەزگا حكومی و سیادییەكان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج دەكرێت".

روونیشیكردووەتەوە، ئەم هەوڵەش بۆ مانگەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێت تا لە رووی كاتەوە كاتی دابەشكردنی مووچە دەكەوێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی.

لیزا كاكەیی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر بڕیارێكی حكومەت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت بە دڵنیاییەوە وەك پەرلەمان پاڵپشتی لێدەكەن و وەك لایەنی چاودێر هاوكار دەبن لە دیاریكردنی كەموكورتییەكان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیانیان.


PM:02:25:18/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 12844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت