سوید و فینلەندا بە فەرمی داواکارییان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەشکرد

‌ساتی پێشکەشکردنی داواکە بە سکرتێری ناتۆ

وێستگەنیوز_‌هێڤار هیوا

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئایاری 2022، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، باڵیۆزانی سوید و فینلەندا بە فەرمی داواکاریان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد.
 
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، باڵیۆزانی سوید و فینلەندا بە فەرمی داواکاریان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد و پێشبینی دەکەن بەهۆی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پرۆسەی قبوڵکردن و چوونە ناو ناتۆ تەنها چەند هەفتەیەکی بخایەنێت.

سوید و فینلەندا بە درێژایی جەنگی سارد لەناو ململانێکاندا بوون، بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ، گەورەترین گۆرانکاری لە پێکهاتەی ئاسایشی ئەوروپا روودەدات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و ڕوون نییە لە داهاتوودا چی لێکەوتەیەکی دەبێت.

لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ جەختی کردەوە لەوەی، "زۆر بە گەرمی پێشوازی لە داواکاری بۆ بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دەکەین و ئاسایشی هاوبەشمان بەهێزتر دەکات."

وتیشی، "ئەمە ساتێکی مێژووییە، دەبێ ئەم هەلە بقۆزینەوە."

هاوکات تورکیا نارەزایی دەربری و دەڵێت تێبینییان لەبارەی هاتنە ناو ناتۆی سوید و فینلەندا هەیە و رازی نین، لەو بارەیەوە یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت، "ئەوە کاردانەوەیەکە و چارەسەر دەبێت."


AM:10:24:18/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت