لە هەڵبژاردنی لوبناندا حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانییان لەدەستدا

‌دیمەنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنانی راگەیاند و ئاشکرای کرد حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی لەم خولەی پەرلەماندا زۆرینەی پەرلەمانییان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئایاری 2022، بەسام مەولەوی، وەزیری ناخۆی لوبنان ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی لەم خولەدا زۆرینەی پەلەرمانییان لەدەستداوە.

ئاشکراشی کرد، 13 کاندیدی سەربەخۆ توانییویانە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەربکەن و 12 کاندید لەوان پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسی و ئیدارییان نەبووە، لەکاتێکدا تا ئێستاش پۆستەکانی لوبنان بەشێوەی پشک پشکێنە بەسەر لایەنەکاندا دابەشدەکرێن.

سەرکەوتنی 12 کاندیدی سەربەخۆ، ئەو ئەگەر بەهێزە دروستکردووە کە بتوانن لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووە سەربەخۆکانی دیکە یەک فراکسیۆنی سەربەخۆ پێکبهێنن.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، حیزبوڵا و جوڵانەوەی ئومێدی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی نەبیە بیڕی، توانیویانە سەرجەم کورسییەکانی تایبەت بە پێکهاتەی شیعە لە لوبنان کە بریتییە لە 27 کورسییه‌ مسۆگەری بکەن، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو کورسییان لە بازنەکانی دیکەی هەڵبژاردن لە دەستداوە.

دوێنێ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک لە حیزبوڵاوە بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کورسی پەرلەمانی لەدەست بدەن و نەتوانن ئەمجارە زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

تا ئێستا دەنگەکانی دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە جیا نەکراونەتەوە، هەربۆیە هێشتا بەتەواوەتی دەرنەکەوتووە کورسییەکانی پەرلەمان چۆن بەسەر لایەنەکاندا دابەشبووە.

لە خولی پێشووی پەرلەماندا، حیزبوڵا، کە پارتێکی سیاسی ئاینیە و خاوەنی هێزی چەکدارە و لە پەیڕەوکارانی مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامین و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لەکۆی 128 کورسی پەرلەمان توانی بوویان 70 کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.


PM:03:57:17/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت