سوپای ئیسرائیل ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر کوژرانی پەیامنێرەکەی جەزیرە بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز_

سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شیرین ئەبو عاقلەی ئاشکرا کرد، جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی ئەو تەقەکردنەی کە بووە هۆی کوژرانی ناتوانرێت دیاری بکرێت.  


وتەبێژی سوپاى ئیسرائیل ئاڤیجای ئەدرەعی، لە چەند تویتێکدا رایگەیاند، کە "لێکۆڵینەوەی کاتی پێشکەش بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا ژەنەڕاڵ کۆهاوی، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە نەتوانرا سەرچاوەی ئەو تەقەکردنە دیاری بکرێت کە بووە هۆی کوژرانى ئەو رۆژنامەنوسە".  

وتیشى، "سەرۆک ئەرکانی گشتی ڕێنمایی دەرکردووە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن و لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە، بە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستماندان، لەگەڵ پابەندبوون بە شەفافیەت و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان".  

وتەبێژی سوپاى ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیسرائیل پێشنیاری بۆ نوێنەرانی فەلەستینی کرد (جگە لە نوێنەرێکی ئەمریکی) بۆ بەشداریکردن لە پشکنینە پیشەییەکان و تەنانەت پزیشکی دادوەری فیشەکەکە، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە".  

دەشڵێت "ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە لە نزیک چەکدارێکەوە و لە پشتیەوە وەستابوو، ئەم فیشەکە لێی درابێت، هەروەها مەودای نێوان ئۆتۆمبێلە سەربازییەکە و پەیامنێرەکە نزیکەی 200 مەتر دەبێت".   

رۆژی چوارشەممە، شیرین ئەبوعاقلە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە کاتی رووماڵکردنی  ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین، لە کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوا کوژرا. کەناڵەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە و سوپای ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "پێدەچێت لەلایەن فەلەستینییەکانەوە تەقەی لێکرابێت".


PM:04:09:13/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 3584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت