دژە تیرۆری عیراق: راهێنان بە کارمەندانى دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین


وێستگەنیوز_

عەبدولوەهاب ساعیدی، سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق رایگەیاند، شوێنیان بۆ کارمەندانى دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان تەرخانکردووە بۆ بەشدایکردن لە خولەکانى راهێنانی سەر بە دەزگاکە و لە رۆژانى داهاتوودا خولى تایبەت دەستپێدەکەن. 

ئەمرۆ دووشەممە 9ـى ئایارى 2022، عەبدولوەهاب ساعیدی، سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە بارەگاى دژە تیرۆر لە بەغدا رایگەیاند، هاریکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە و دەزگاکانى دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوکارییەکان ئەنجامی باشییان هەبووە و لەو رێگەیەوە توانراوە ژمارەیەکى زۆر لە  سەرەکیترین داواکراوەکان دەستگیربکرێن کە تۆمەتباربوون بە تیرۆر، بۆیە هیوادارین ئەم هاوئاهەنگییە بەردەوام بێت و بگاتە بەرزترین ئاست. "
 
سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عیراقی وتیشی، "ئێمە لە دەزگاى رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکى هەرێمى کوردستان لەوەى پەیوەندیدارە بە زانیارى و راهێنان، ناوەندێکی ئەکادیمیمان هەیە و ئامادەین راهێنان بە برایانمان لە هێزی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرى هەولێر و سلێمانی بکەین. لە رۆژانى داهاتوودا خولى تایبەتمان دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵى ئاسمانی و خولى دیکەى تایبەت؛ شوێنی تایبەتمان بۆ هەرێمى کوردستان تەرخانکردووە بۆ بەشداریکردن لەو خولەدا. "
 
دەزگاى دژەتیرۆری عێراق لە ساڵى 2007 دامەزراوە و پەیوەندى راستەوخۆى بە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە هەیە. ژمارەیان نزیکەی 12 هەزار سەربازی تەواو راهێندراون کە بە چەندین قۆناغی قورسدا لەلایەن راهێنەرە ئەمریکی و عیراقییەکانەوە راهێنانیان پێکراوە.


PM:02:11:09/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 3020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو