نوێترین زانیاری له بارهی بهنزینی 690 دیناری
وێستگهنیوزـ
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دهڵێت، بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکییەوە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە هاتنی بەنزینی 690 دیناری لە بەغداوە بۆ سلێمانی وەستاوە.
بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی به وێستگهنیوزی راگهیاند: بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکییەوە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە هاتنی بەنزینی 690 دیناری لە بەغداوە بۆ سلێمانی وەستاوە بۆیە دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگاکە وەستاوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە عەمبارەکاندا بڕی پێویست بەنزین هەیە و نەناردنی بەنزین لە بەغداوە هیچ کێشەیەک دروستناکات و نرخی بەنزینی نۆرماڵیان بۆ 900 دینار دابەزاندووە.
به وتهی وتهبێژی بهنزینخانهكانی سلێمانی، "تا ئێستا هیچ بڕیارێک لە حکومەتی عیراقەوە نییە، بۆ راگرتنی ئەو بەنزینە بۆ هەرێمی کوردستان هەر کاتێکیش بەنزین بگاتە هەرێم دەست بە دابەشکردنی دەکەنەوە".
دەشڵێت، حکومەتی عیراقی بەردەوامە لە ناردنی بەنزینی 690 دیناری بۆ پارێزگای هەولێر.
لە بەرامبەردا، ئاری کاکە شین بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، لەمەودوا رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵاتەوە بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە دیاریکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ھاوردەکردنی بەنزین بەجۆرێک بێت کوالێتەکەی باش بێت و بەنزینێکی خراپ نەبێت و کۆمپانیا و بازرگانەکان داواکاری پێشکەشی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەن و رێگەیان پێ دەدرێت بەنزین ھاوردە بکەن.
دەشڵێت، "پێویستە کوالێتی ئەو بەنزینەی بازرگانەکان هاوردەی دەکەن ھاوشێوەی بەنزینی کۆمپانیای کار بێت".
بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر، بڕیارەکە دەبێتە ھۆی هەرزانبوونی نرخی بەنزین، چونکە ئەوەی بەنزین ھاوردە بکات بە جۆرێک دەبێت لە نرخی ئێستا ھەرزانتر دەبێت، کە ئەوەش هۆکارێکە بۆ هەرزانبوونی نرخی بەنزین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر حکومەتی عیراق بەنزینی بۆ ھەرێم دەنارد کە بڕەکەی رۆژانە 180 ھەزار لیتر تا 360 ھەزار لیتر بەنزین بوو.
ئاری کاکە شین باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە چاودێری کردنی بازاڕ بەردەوام دەبن و هەر کەسێک بەنزینی خراپ بفرۆشێت سزا دەدرێت.
AM:09:23:08/05/2022
ئهم بابهته 9828
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت