د. شاخەوان عەبدوڵا: زۆرن ئەو کاندیدانەی دوورخراونەتەوە


وێستگەنیوز_ 

د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەۆکی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "زۆر کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوورخراونەتەوە بە هۆکاری جیاواز". 

لە درێژەی قسەکانیدا شاخەوان عەبدوڵا وتی، "بە پێی ماددە 72 یەک مانگمان لەبەر دەستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆیە تا ڕۆژی 8ی شوبات چاوەڕێین تا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، دواتر وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەکەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق". 

هەروەها باسی لەوە کرد، هەندێک تایبەتمەندیی هەیە لە سەرۆککۆماردا ئێمە ڕەچاوی دەکەین بۆ مانەوەی کاندیدەکان، بەشێک لە کاندیدانیان دوورخستووەتەوە بە هۆکاری جیاواز، هەیانە تەمەنی شمولی ناکات و خوار 40 ساڵە، هەیانە بڕوانامەکەی هاوتای پۆستەکە نییە. 

هەروەها پەیوەست بە بوونی کاندیدی جیاوازی کوردەکانەوە وتی، "باشتر وابوو کورد یەک کاندیدی هەبێت، بەڵام ئەوەی یەکێتی نیشتیمانیی لە 2018 کردی، ئەمجارەش دووبارەی کردەوە، دەبوو لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کۆببونایەتەوە و کاندید دیاریی بکەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ئاگامان لەوە نەبووە دکتۆر شاخەوان کاندید کراوە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، "یەکێتی کاندیدیان نەبووە بۆ ئەو پۆستە؛ دەبوو بە پێچەوانەوە دڵخۆش بوونایە کە پارتی کاندیدی هەبوو". 

لەبارەی ئەو بۆچوونانەوە کە باس لەوە دەکەن، ڕێژەی یاسایی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تەواو نابێت، شاخەوان عەدبوڵا وتی، "ڕێژەی یاسایی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو دەبێت و کێشە لەو ڕووەوە دروست نابێت". 


AM:10:11:26/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 7236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو