لە وڵاتێکی ئەفریقا کودەتای سەربازی روویدا

‌سوپای بورکینا فاسۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی راگەیاند

وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو سوپای بورکینا فاسۆ لە کیشوەری ئەفریقا کودەی سەربازی ئەنجامدا و سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەستگیرکرا، هاوکات سوپا دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی راگەیاند.

سوپای بورکینا فاسۆ لەپەیامێکدا کە شەوی دووشەممە 24-1-2022 لەرێگەی کەناڵی فەرمی وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لەوڵاکەی راگەیاند، هاوکات مارک کریستیان کابۆر، سەرۆکی بورکینا فاسۆ دوای رزگاربوونی لە هەوڵی کوشتن، لایەن سەربازەکانەوە دەستبەسەرکرا.
 
مارک کریستیان کابۆر، سەرۆکی بورکینا فاسۆ  ساڵی 2015 لەپۆستەکەیدا دەستبەکاربوو، کە وڵاتە 21 ملیۆن کەسییەکەی بەدەست چەندین کێشە و ناکۆکی نێوان لایەنەکان گیرۆدەبووە، ئەوە جگە لە هێرشی گروپە توندڕەوەکان بۆسەر شارە گەورەکان و کوشتنی سەدان کەس، بۆیە مارک کریستیان ساڵی 2020 و دوای هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، بەڵێنیدا روبەڕبونەوەی گروپە توندڕەوەکان بکاتە کاری لەپێشینەی.

زیادبوونی هێرشی گروپە توندڕەوەکان وایکرد هەزاران کەس دژی بێ توانایی حکومەت خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، هاوڵاتیان باسیان لەوەدەکرد، سوپای وڵاتەکەیان بە خراپی مەشق و راهێنانی پێکراوە و ناتوانێت بەسەر مەترسییەکاندا سەرکەوتوو بێت.

لەیەکەمین کاردانەوەی کودەتاکەشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کودەتاکەی سەرکۆنە کرد و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی رۆش مارک کریستیان کابۆر، سەرۆکی بورکینا فاسۆی کرد.


AM:07:51:25/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 25396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت