كەشناسێكی كورد: ناوچەی گەرمیان ئەگەری وشكەساڵی تێپەڕاندووە


وێستگەنیوز- محـەمەد عـەلی

كەشناسێكی كورد لە گەرمیان دەڵێت، زۆری بارانبارین و پڕبوونەوەی ئاوی ڕووبار و دەریاچەكان مەترسی لەسەر وشكەساڵی و كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە گەرمیان نەھێشتووە لە ئەمساڵدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی كانوونی دووەمی 2022، سیروان ساڵح كەشناسی كورد لە گەرمیان بە وێستگەنیوز-ی وت، "لە بەشێکی زۆری گەرمیان مەترسی ئەگەری  وشکەساڵی كەم بۆتەوە، چونکە ڕێژەی بارانبارین تا ئەمڕۆ زۆرباشە لە چاو پارساڵدا ڕێژەیەكی زیاتر باران باریووەو بە ئەگەری بەردەوامی بارانبارینی زیـاتر لە ماوەكانی داھاتودا كە پێشبینی كراوە ببارێت ڕێژەكە بەرز دەبێتەوەو ھەموو سنورەكە بە یەكجاری وشكەساڵی تێدەپەڕێنێت."

باسیلەوەشكردووە، "لە هەموو ناوچەکانی گەرمیان جگە لە کەلار و خانەقین ڕێژەی بارانبارین باشەو بە دڵنیایەكی زۆرەوە ئەگەری وشکەساڵی تێپەڕاندووە."

ئەوەشیخستەڕوو، "بە بارینی بارانی باش و بەفرێكی زۆر لەسەر ناوچە شاخاوییەكانی باكووری كوردستان و خۆرهەڵاتی كوردستان و ناوچە شاخاوییەكانی خۆمان دەتوانین بڵێین مەترسی وشكەساڵی و كەم ئاوی بۆ ئەمساڵ كۆتایی هاتووە."

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "لە هەموو ناوچەکانی گەرمیان ڕێژەی بارانبارین لە پارساڵ زیاترە لە ھەندێ ناوچە ساڵی ڕابردوو 84,5 ملم بارانباری بوو، بەڵام لەمساڵدا ڕێژەكەی بۆ نزیكەی دوو ھێندە بەرز بۆتەوە بۆ 170,4 ملم، لەكاتێكدا وەرزی زستان و بەھار تەواو نەبووەو چاوەڕێی بارانبارینی زیاتر دەكــەین."

ماوەی چەند ساڵێكە وشكەساڵی بەرۆكی بە جوتیاران و دانیشتوانی ناوچەی گەرمیان گرتووەو لە ساڵانی ڕابردوودا بارانبارین لە ناوچەكەدا بەڕێژەیەكی زۆر كەم باریبوو بە تەواوی زیانی بە جووتیاران و ئاژەڵدارانی ناوچەكە  گەیاندبوو.


PM:05:56:23/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 22564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو