دانیشتوانی ئۆکرانیا: ئێمەش دژی ڕووسیا شەڕ دەکەین


وێستگەنیوز_ 

خارکیڤ دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، هەروەها لەسەر سنوورە و نزیکترین شارە لە ڕووسیاوە؛ پاش جێگیرکردنی 100 هەزار سەرباز لە سەرسنوور لەلایەن ڕووسیاوە، دانیشتووانی شارەکەش چەک هەڵدەگرن و دەیانەوێ ڕووبەڕووی سوپای ڕووسیا ببنەوە. 

شارەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و تەنها 42 کیلۆمەتر لە سنووری وڵاتی ڕووسیاوە دوورە؛ هەڵگرتنی چەک لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە، پاش مەترسییەکانی ڕووسیا دێت بۆ سەر ناوچەکە. 

سەرۆکشارەوانی خارکیڤ، ئیگۆر تێریخۆف ڕایگەیاندووە، "شارەکە وریا و ئازا دەبێت، ناهێڵین هیچ کەسێک ئازادیمان لێ بسەنێت، هەروەها شارەکەشمان". 

لای خۆشییەوە سەرۆکی کازاخستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی بڵاوی کردەوە، "بۆ هاوڵاتییانی خارکیڤی دووپات دەکەمەوە، شارەکە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی داگیرکاریی هەر نەیارێک، هەموو کەرەستەیەکمان هەیە بۆ پارێزگارییکردن لە خارکیڤ". 

هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بڕیاری جێهێشتنی شارەکەیان داوە، بەڵام ئەوانی دیکە، سوورن لەسەر ئەوەی چەک هەڵبگرن دژ بە ڕووسیا و بەژداریی پارێزگارییکردن بکەن لە شارەکەیان. 

هاوڵاتییەکی شارەکە دەڵێت، "هیچ بیری لێناکەمەوە، دەخوازم هەمووشتێک بەرەو باشی بڕوات، هیوای باشترین دەخوازم؛ باشترە کە خۆمان شێت نەکەین پێش کاتی خۆی، بەڵام هەرچی ڕووبدات، من لەسەر پێ وەستاوم". 

هەروەها هاوڵاتییەکی دیکەیش ڕایگەیاند، "ڕاکردن؟ نەخێر نەخێر! من لێرە لەدایکبووم و گەورە بووم، من لێرە دەمێنمەوە هەرچییەک ڕووبدات؛ گەر پێویست بکات بچمە ڕیزی سوپاوی بەرگریکارەوە، بێگومان دەچم". 

سەرچاوە: ١/ڕۆیتەرز ٢/دەیلی سەباح


PM:03:54:22/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 5056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت