وێستگەنیوز ئامانجی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای مەسعود بارزانی ئاشکرادەکات

‌دیمەنێک لە سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای مەسعود بارزانی. وێنە:ئەرشیف

وێستگەنیوز_ ژووری هەواڵ

لەگەڵ تێپەڕاندنی هەفتەیەکی ساردی کەشوهەوا، دەستپێکی ئەم هەفتەیە گەرم دەبیندرێت، سەرچاوەکان لەلایەک باس لە کۆبوونەوەی نێوخۆی یەکێتی دەکەن و ئاماژە بە سەردانێکی بافڵ تاڵەبانی-ش بۆ لای مەسعود بارزانی دەکرێت.

ئەمرۆ شەممە 22ی کانوونی دووەمی 2022، سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە وێستگەنیوز-ی وت، "بڕیار وایە ئەمرۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بکات، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی بارزانی بە کشانەوەی هۆشیار زێباری".

سەرچاوەکە دەڵێت، "بافڵ تاڵەبانی تائێستاش سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، مەبەستێتی پارتی ئەو جۆرە ڤیتۆیەی باسدەکرێت کە لەسەر کاندیدی یەکێتی هەیە هەڵبگیردرێت". بەبێ ئاماژەدان بەوەی هەوڵەکەیان سەرکەوتوو دەبێت یان نا.

لە عێراق جگە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە تانە لە نایاسایبوونی دراوە، هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆککۆمار تائێستا دیارینەکراون گەرچی زیاتر لە سێ مانگە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی کردووە، لە عێراق بارزانی لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێككەوتنی هەیە و دەنگی پێویستی هەیە بۆ دەرچوونی كاندیدەكەی.

بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی تائێستا نایەوێت بەشداری هیچ کام لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی یاخود تێگەشتنی ڕەوتی سەدر و پارتی و زۆرینەی سونەکان بکات، بەپێچەوانەوە بافڵ تاڵەبانی تا ئێستاش سورە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ حزبەكەی".

سەرچاوە ئاگادارەکە دەڵێت، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پاش سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی دەبێت بۆ لای مەسعود بارزانی، ئەوەش پاش زانینی دواین ڕای پارتی لەسەر خواستی یەکێتی و دەرچواندنەوەی کاندیدەکەی، هاوکات دیاریکردنی چوارچێوە و شێوازی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق".

بە پێچەوانەی ڕەزامەندنەبوونی پارتی، پێشتر سەرچاوەیەک بۆ وێستگەنیوز ئاشکرایکرد، "له‌دوای‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌تانه‌كانی‌ یه‌كه‌م دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئێستا له‌ناو یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان باسی‌ پێشكه‌شكردنی‌ پاڵێوراوی‌ تر بۆ پۆستی‌ سه‌رۆككۆماری‌ عێراق گه‌رمه‌ و له‌ئێستادا باس له‌ كشاندنه‌وه‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.به‌رهه‌م ساڵح و د.له‌تیف ڕه‌شید ده‌كرێت".

"ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆككۆمار له‌ده‌ست یه‌كێتی‌ نه‌چێت، چونكه‌ یه‌كێتی‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ ئیجماعی‌ لایه‌نه‌كانیان له‌سه‌ر نییه‌ و "یه‌كێتی‌ پۆستی‌ سه‌رۆككۆمار له‌ده‌ستده‌دات". سەرچاوەکەی وێستگەنیوز  وای وت.


AM:10:41:22/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 17956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو