مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌سه‌ر هێرشی سه‌ر باره‌گاكه‌یان له‌ به‌غدا: سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ین


وێستگه‌ نیوزـ

به‌ره‌به‌یانی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ بە بۆمبێک هێرشکرایە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، ئه‌مرۆش وته‌بێژی ئه‌و لقه‌ رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستدڕێژی گولـله‌ له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كراوه‌، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیش راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

مەهدی عەبدولکەریم، وتەبێژی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلەکەی کراوە و لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە، ئاماژەی بەوەشکردوە، "پاسەوانەکانی بەرپەچی هێرشە تیرۆرستییەکەیان داوەتەوە، چەکدارەکانیش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون".

به‌ره‌به‌یانی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ش بە بۆمبێک هێرشکرایە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

مەکتەبی سیاسیی پارتیش ئه‌مڕۆ هه‌ینی راگه‌یه‌ندراوێكی لەبارەی ئەو روداوانەوە بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "دووبارە رەفتاری ناڕەوا و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و پێکەوەژیان و دژ بە یاسا بەرامبەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا و چەند لایەنێکی سیاسیی دیکە ئەنجامدرا و ھێرشکرایە سەریان.. [حکومەتی فیدڕاڵی] پاراستنی بارەگا و کادیرانی حیزبمان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشیان لەئەستۆدایە و پێویستە بیانپارێزن".

"ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەکانی دیکە بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و سەرکۆنەیان دەکەین و، بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە کردەوانەش دەڵێین ئەو ئوسلوب و رەفتارانەتان رێگەی چارەسەری کێشەکان نین، بەڵکو بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن"، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وای وتوه‌.


PM:10:39:14/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو