ژمارەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیەنرا

‌کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق (کۆشکی سەلام)

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە وادەی پێشکەشکردنی بۆ داواکاری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆتاییهات، بەگوێرەی ئاماری پەرلەمان 26 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان کوردن.

ئەمینداریەتی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ رۆژی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار،  26 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لەناو ئەو 26 کاندیدە 11 کەسیان کوردن، بڕیاریشە لە رۆژی یەکشەممەوە ناوی ئەو کەسانە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری رەوانە بکرێن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی شیاویەتی ئەو کەسانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ کێشەیەکی یاسایی نیە.

هەرچەندە پەرلەمانی عێراق بەفەرمی ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام تائێستا ناوی شەش کەس زانراوە کە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدکردووە ئەوانیش پێکهاتوون لە بەرهەم ساڵح وەکو کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هۆشیار زێباری وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبوار ئەوڕەحمان وەک کاندیدی نەوەی نوێ (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک)، هەروەها خالید شێخ سدیق، لەتیف رەشید و حاکم رزگار خۆیان کاندیدکردووە.


PM:11:22:13/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 4836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت