ئه‌مریكا تاووتوێی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر روسیادا ده‌كات


وێستگه‌نیوز ـ

دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکیان ئاشکرا کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و سوپای روسیادا، بەڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیاشەوە.

پڕۆژە پێشنیازکراوەکە کە لەلایەن کۆشکی سپیەوە پشتیوانی لێکراوە، بەندێکی تیادایە بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ئۆکرانیا و هاندانی ئەمریکا بۆ "لەبەرچاوگرتنی سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی لەبەردەستدان و گونجاون" تا رێگە نەدەن هێڵی بۆری گازی روسیا بۆ ئەڵمانیا (نۆرد ستریم 2) چالاک بکرێت.

 ڕۆبەرت مێنیندێز، رابەری دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات کە پڕۆژە یاساکەی ئاشکرا کرد لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ئەم پڕۆژە یاسایە بەتەواوەتی روونی دەکاتەوە کە ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا دەستەوەستان نابێت لەکاتێکدا روسیا هەڕەشەی دووبارە داگیرکردنەوەی ئۆکرانیا دەکات".

روسیا نزیکەی 100 هه‌زار سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ئەمریکاش هەواڵ دەدات روسیا گرژییەکان کەم بکاتەوە و ئۆکرانیا داگیرنەکات.

پڕۆژە یاساکە کە سەرەتا لەلایەن واشنتن پۆستەوە بڵاوکرایەوە، ئەو کۆمپانیا روسییانە دەکاتە ئامانج کە سیستمی پارێزراوی نامە ناردن پێشکەش دەکەن، لەوانەش سویفت، کە بانکەکان بۆ گۆڕینەوەی زانیاری هەستیار لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەدا بەکاریدەهێنن.

وتەبێژی مێنیندێز وتی: زیاتر لە 24 دیموکرات بە رابەری دیموکراتەکان چەک شومەریشەوە پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کردووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وتی: "پڕۆژەکە کاریگەرییەکی توندی لەسەر ئابووری روسیا دەبێت" ئەگەر روسیا بەردەوام بێت و ئۆکرانیا داگیر بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە پڕۆژەکە پشتیوانی لە سەپاندنی سزا دەکات بەسەر پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی روسیا بۆ ئەڵمانیا کە بە نۆرد ستریم 2 ناسراوە و 11 ملیار دۆلاری تێچووە، پڕۆژەکە تەواو بووە بەڵام چاوەڕێی پەسەندکردنی دەکرێت لەلایەن ئەڵمانیاوە تا چالاک بکرێت.

زۆرێک لە دیموکراتەکانی ئەمریکا پشتیوانیان لە سەپاندنی سزا کردووە بۆ سەر پڕۆژەی نۆرد ستریم 2، کە دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر گازی روسی بە ئۆکرانیادا نەیەت و ئۆکرانیاش ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە وەری دەگرت لەسەر ئەوەی گازەکە بە وڵاتەکەیدا تێدەپەڕی، ئەمەش ئۆکرانیا لە بەرامبەری روسیادا لاواز دەکات.

ڤۆدلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باوەڕی وایە سزاکان دەبێت بە زووترین کات بسەپێنرێن بەسەر پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 دا، تەنانەت ئەگەر روسیا ئۆکرانیاش داگیر نەکات.

کەسێکی نزیک لە زیلینسکیەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی: "پڕۆژەکە هەڕەشەیەکی ماددی و ئابووری بۆ سەر ئەوروپا دروست دەکات".

وتیشی: " ئۆکرانیا دژی هەر سیاسەتێکە کە رێگە بە روسیا بدات هەڕەشەی داگیرکردن بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی هەرشتێک کە بیەوێت لە ناوچەکانی دیکەدا".

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا  لە ماوەی رابردوودا وتی: پڕۆژەی نۆرد ستریم 2ی روسی گرێبەستێکی خراپە بۆ ئەوروپا، وتیشی کاریگەریی روسیا لە ئەوروپا زیاتر دەکات. بەڵام ساڵی ڕابردوو بەڕێوه‌بەرایەتیەکەی سزاکانی سەر ئەو کۆمپانیایەی لابرد کە پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 جێبەجێ دەکات، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هەوڵیدەدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیادا چاک بکاتەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن وتی: هەڕەشەی راگرتنی پڕۆژەکە وەک کارتێکی فشار وایە بەدەست ئەڵمانیاوە دژی روسیا.

پڕۆژەی نۆرد ستریم کە لەلایەن کۆمپانیای گازپڕۆمی روسییەوە پشتیوانی لێدەکرێت، سوتەمەنی بۆ ئەڵمانیا دابین دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


AM:07:27:13/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت