پیاوێک خۆی هاوژینەکەی و سێ منداڵی دەکوژێت

‌وێنە؛ ئاژانسی AP

وێستگەنیوز_

پۆلیسی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، پیاوێکی ئەڵمانی هاوژین و سێ منداڵی خۆی کوشتووە و دواتر خۆی کوشتووە، لە دوای خۆی نامەیەکی جێهشتووە و تێیدا باس لەوە دەکات، لە ترسی زیندان ئەو کارەی کردووە.


بە وتەی پۆلیس ئەمرۆ سێشەممە، بەهۆکاری ئەوەی پێشتر بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسینی ساختە کرد بوو، پیاوێکی ئەڵمانی هاوژین و سێ منداڵی خۆی کوشتووە و دواتر خۆی کوشتووە.
 
پۆلیسی هەرێمی براندنبێرگ رایگەیاند، تەرمی هەر پێنج ئەندامی ئەو خێزانە رۆژی شەممە لە نێو ماڵی خۆیاندا لە شاری کونیگز ڤوستەهاوزن لە دەرەوەی شاری بەرلین دۆزرانەوە.
 
پیاوە تەمەن 40 ساڵەکە لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە بەڵگەنامەیەکی ساختەی وەرگرتنی ڤاکسینی بۆ هاوژینەکەی دروستکردبوو، بەڵام بەڕێوەبەری ژنەکە پێی زانیوە و بڕیاریداوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.
 
وتەبێژی پۆلیس رایگەیاندووە، باوکە بکوژەکە پێیوابووە خۆی و هاوژینەکەی دەخرێنە زیندانەوە و منداڵەکانیان لێ دادەبڕێندرێن.
 
پۆلیس پێیوایە پیاوەکە لە سەرەتادا سێ منداڵەکەی کوشتووە کە تەمەنیان چوار، هەشت و 10 ساڵان بوون، دواتریش ژنە تەمەن 40 ساڵەکەی کوشتووە، لە دوای ئەویش خۆشی کوشتووە.
 
پۆلیس باسی لەوە کردووە، توێکاری بۆ لاشەکان کراوە، دەرکەوتووە هەموویان فیشەک بەسەریانەوە نراوە، حکومەتی ئەڵمانیا پێشتر چەندین جار هۆشداری دژی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەی وەرگرتنی ڤاکسین داوە.
 


PM:10:45:07/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 9156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو